پەرلەمانی عێراق لیژنە بۆ لێکۆڵینەوە لە هێرشەكەی سەر فڕۆكەخانەی ‏سلێمانی پێكدەهێنێت


رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆكی لیژنەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، ‏ئەگەر بە بەڵگە بۆیان سەلمێندرا کە توركیا هێرشی سەر فڕۆكەخانەی ‏سلێمانی کردووە، ئەوا داوا لە وەزارەتی دەرەوەی عێراق دەكەن باڵیۆزی توركیا بانگهێشت بکات و نامەی ناڕەزایی ‏پێبدات.

دیلان غەفوور، سەرۆكی لیژنەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پەرلەمانی ‏عێراق ئەمڕۆ شەممە، 08-07-2023، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەوان چاوەڕێی ئەنجامی لێكۆڵینەوەی تایبەت بە ‏هێرشەكەی سەر فڕۆكەخانەی سلێمانی دەكەن ‌و گوتی: "لە هەر سێ‌ ‏لیژنەی بەرگری ‌و دەرەوە‌ و گواستنەوەی پەرلەمانی عێراق لیژنەیەكی ‏هاوبەش پێکهێندراوە. ئەو لیژنەیە بەدواداچوون بۆ هۆكاری هێرشەكەی ‏سەر فڕۆكەخانەی سلێمانی دەكات".‏
 
سەرۆكی لیژنەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پەرلەمانی عێراق ئەوەشی ‏خستەڕوو کە ئەگەر بە بەڵگەوە سەلمێندرا توركیا لە پشت ئەو ‏هێرشەوەیە، ئەوا "وەك لیژنەی پەیوەندییەكانی دەرەوە ‏داوا لە وەزارەتی دەرەوەی عێراق دەكەین بانگهێشتی باڵیۆزی توركیا ‏بكات ‌و بەفەرمی نامەی ناڕەزایی پێبدات".‏
 
ئێوارەی رۆژی هەینی وێنەی دووكەڵی ئاگرێك لە نزیك فڕۆكەخانەی ‏سلێمانی بڵاوبووەوە، سەرەتا بەرپرسانی فڕۆكەخانە و ئاسایش ‏رایانگەیاند، "هیچ رووینەداوە و ئاگرێكی ئاسایی بووە". دواتر ‏بڵاوكرایەوە كە هێرشی درۆنی بووە. 
 
بەپێی زانیارییە بە فەرمی رانەگەیێندراوەكان، ئەو رووداوە بەهۆی ‏ئەوە بوو كە شاندێكی باڵای بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر بە سەرۆكایەتیی ‏مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەكانی سووریای دیموكرات لە ‏سلێمانی بوو، بەڵام بەپێی زانیارییەكانی تۆڕی میدیایی رووداو، مەزڵووم ‏عەبدی سەلامەتە و گەیشتوەتەوە رۆژئاوای كوردستان‎.
 
بە گوێرەی بەدواداچوونەكانی تۆڕی میدیایی رووداو كە لە چەند ‏سەرچاوەیەكی نێو ئاسایشی فڕۆكەخانەی سلێمانییەوە دەستیكەوتوون، ‏كۆبوونەوەیەكی ئەمنی لە سلێمانی هەبووە بە بەشداری شاندێكی باڵای ‏هەسەدە و دوای كۆبوونەوەكە ئەو هێرشە روویداوە. ‎
 
سەرچاوەكانی ئاسایشی فڕۆكەخانەی سلێمانی بە رووداویان گوت، لەو ‏كۆبوونەوەیەدا مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەكانی سووریای ‏دیموكرات - هەسەدە و چەند بەرپرسێكی دیكەی ئەو هێزەی رۆژئاوای ‏كوردستان و باكووری رۆژهەڵاتی سووریا بەشداربوون‎.‎