رووداو دیجیتاڵ
سەرۆكی لیژنەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، ئەگەر بە بەڵگە بۆیان سەلمێندرا کە توركیا هێرشی سەر فڕۆكەخانەی سلێمانی کردووە، ئەوا داوا لە وەزارەتی دەرەوەی عێراق دەكەن باڵیۆزی توركیا بانگهێشت بکات و نامەی ناڕەزایی پێبدات.
دیلان غەفوور، سەرۆكی لیژنەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پەرلەمانی عێراق ئەمڕۆ شەممە، 08-07-2023، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەوان چاوەڕێی ئەنجامی لێكۆڵینەوەی تایبەت بە هێرشەكەی سەر فڕۆكەخانەی سلێمانی دەكەن و گوتی: "لە هەر سێ لیژنەی بەرگری و دەرەوە و گواستنەوەی پەرلەمانی عێراق لیژنەیەكی هاوبەش پێکهێندراوە. ئەو لیژنەیە بەدواداچوون بۆ هۆكاری هێرشەكەی سەر فڕۆكەخانەی سلێمانی دەكات".
سەرۆكی لیژنەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پەرلەمانی عێراق ئەوەشی خستەڕوو کە ئەگەر بە بەڵگەوە سەلمێندرا توركیا لە پشت ئەو هێرشەوەیە، ئەوا "وەك لیژنەی پەیوەندییەكانی دەرەوە داوا لە وەزارەتی دەرەوەی عێراق دەكەین بانگهێشتی باڵیۆزی توركیا بكات و بەفەرمی نامەی ناڕەزایی پێبدات".
ئێوارەی رۆژی هەینی وێنەی دووكەڵی ئاگرێك لە نزیك فڕۆكەخانەی سلێمانی بڵاوبووەوە، سەرەتا بەرپرسانی فڕۆكەخانە و ئاسایش رایانگەیاند، "هیچ رووینەداوە و ئاگرێكی ئاسایی بووە". دواتر بڵاوكرایەوە كە هێرشی درۆنی بووە.
بەپێی زانیارییە بە فەرمی رانەگەیێندراوەكان، ئەو رووداوە بەهۆی ئەوە بوو كە شاندێكی باڵای بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر بە سەرۆكایەتیی مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەكانی سووریای دیموكرات لە سلێمانی بوو، بەڵام بەپێی زانیارییەكانی تۆڕی میدیایی رووداو، مەزڵووم عەبدی سەلامەتە و گەیشتوەتەوە رۆژئاوای كوردستان.
بە گوێرەی بەدواداچوونەكانی تۆڕی میدیایی رووداو كە لە چەند سەرچاوەیەكی نێو ئاسایشی فڕۆكەخانەی سلێمانییەوە دەستیكەوتوون، كۆبوونەوەیەكی ئەمنی لە سلێمانی هەبووە بە بەشداری شاندێكی باڵای هەسەدە و دوای كۆبوونەوەكە ئەو هێرشە روویداوە.
سەرچاوەكانی ئاسایشی فڕۆكەخانەی سلێمانی بە رووداویان گوت، لەو كۆبوونەوەیەدا مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەكانی سووریای دیموكرات - هەسەدە و چەند بەرپرسێكی دیكەی ئەو هێزەی رۆژئاوای كوردستان و باكووری رۆژهەڵاتی سووریا بەشداربوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ