جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق داوادەکات لێکۆڵینەوە لە هێرشەکەی سەر فڕۆکەخانەی سلێمانی بکرێت


رووداو دیجیتاڵ 

جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بە ئامانجکردنی فڕۆکەخانەی سلێمانی سەرکۆنە دەکات و داوا دەکات لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە سەبارەت بە هێرشەکەی سەر فڕۆکەخانەکە پێکهێنرێت. 
 
موحسین مەندەلاوی، جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق رۆژی شەممە، 08-04-2023، لە تویتێکدا لە هەژماری تویتەری خۆی گوتی: "بە تووندی بە ئامانجکردنی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی سەرکۆنە دەکەین. ئەوەی روویداوە پێشلکردنێکی مەترسیداری سەر سەروەریی عێراق و هەڕەشەیە بۆ سەر گیانی هاووڵاتییان".
 
جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق دەشڵێت: "داوا لە لیژنەی ئاسایش و بەرگری دەکەین لیژنەیەکی لێکۆڵێنەوە پێکبهێنێت بە مەبەستی هەڵوەستەکردن لەسەر ئەو هێرشە و بەپەلە راپۆرتی خۆی پێشکێش بکات تاوەکو رێکار بگرنەبەر بۆ پاراستنی سەروەری و پارێزگاریکردن لە گیانی گەلەکەمان لە هەر هێرشێکدا". 
 
کاژێر 4:18ـی ئێوارەی رۆژی هەینی، 7-4-2023، لە نزیک شوورەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی تەقینەوەیەک روویدا کە بووە هۆی ئاگرکەوتنەوە، بەڵام تیمەکانی بەرگریی شارستانیی فڕۆکەخانە گەیشتنە شوێنی رووداوەکە و ئاگرەکەیان کوژاندەوە.
 
هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی لەبارەی تەقینەوەکەوە لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە: "شوێنێکی نزیک لە سنووری دەرەوەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی کەوتە بەر هێرشێکی ئاسمانی و سوپاس بۆ خودا هیچ زیانێکی گیانی و ماڵی لێنەکەوتەوە". 
 
بە گوێرەی بەدواداچوونەکانی تۆڕی میدیایی رووداو کە لە چەند سەرچاوەیەکی نێو ئاسایشی فڕۆکەخانەی سلێمانییەوە دەستیکەوتوون، کۆبوونەوەیەکی ئەمنی لە سلێمانی هەبووە بە بەشداریی شاندێکی باڵای هەسەدە و دوای کۆبوونەوەکە ئەو هێرشە روویداوە. 
 
سەرچاوەکانی ئاسایشی فڕۆکەخانەی سلێمانی بە رووداویان گوت، لەو کۆبوونەوەیەدا مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات- هەسەدە و چەند بەرپرسێکی دیکەی ئەو هێزەی رۆژئاوای کوردستان و باکووری رۆژهەڵاتی سووریا لە کۆبوونەوەکەدا بەشدار بوون. 
 
بە گوێرەی بەدواداچوونەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، بۆردوومانەکە هیچ زیانێکی نەبووە و دوای کۆبوونەوەکەش مەزڵووم عەبدی بەسەلامەتی گەڕاوەتەوە رۆژئاوای کوردستان، پێدەچێت هێرشەکە هۆشداری بووبێت بۆ ئیدارەی سلێمانی، زیاتر لەوەی مەبەست لێی کوشتنی مەزڵووم عەبدی بووبێت.