مەزڵووم عەبدی: هێرشی تورکیا بۆ سەر فڕۆکەخانەی سلێمانی رەهەندی مەترسیداری هەیە
رووداو-هەولێر
فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات - هەسەدە دەڵێت، فڕۆکەخانەی سلێمانی لەلایەن تورکیاوە کراوەتە ئامانج و هۆشداری دەدات لەوەی "ئەم پێشێلکارییانە رەهەندی مەترسیداریان لەسەر ناوچەکە دەبێت."
رۆژی شەممە، 8ـی نیسانی 2023، مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات - هەسەدە لە تویتێکدا نووسی: "بە تووندی سەرکۆنەی بە ئامانجکردنی فڕۆکەخانەی سلێمانی لەلایەن تورکیاوە دەکەین. ئەم پێشێلکارییانە لە عێراق و سووریا بەردەوامن و رەهەندی مەترسیداریان لەسەر ناوچەکە هەیە."
فەرماندەی گشتیی هەسەدە ئاماژە بەوە دەکات کە "هەڵوێستی نەتەوەییانەی یەکێتیی نیشتمانی لە پاڵپشتیکردنی براکانی لە سووریا، تورکیا بێزار دەکات."
بەڵام وێڕای ئەوەش، عەبدی دەڵێت لە "پەیوەندییە پرەنسیپییەکانمان لەگەڵ براکانمان و هاوپەیمانەکانمان لە سلێمانی بەردەوام دەبین و لە بەرامبەر ئەم پێشێلکارییانەدا یەکگرتووین".
ئەوە لەکاتێکدایە کە ئێوارەی رۆژی هەینی 7ـی نیسانی 2023، دووکەڵێک لە نزیک فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی بەرزبووەوە، سەرەتا بەرپرسانی فڕۆکەخانە و ئاسایش رایانگەیاند، "هیچ رووینەداوە و ئاگرێکی ئاسایی بووە"، دواتر بڵاوکرایەوە کە هێرشی درۆنی بووە.
دوای ئەوە، فلیپ ڤێنتورا، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا - پێنتاگۆن لە وەڵامی چەند پرسیارێکی تۆڕی میدیایی رووداودا سەبارەت بە هێرشەکەی سەر فڕۆکەخانەی سلێمانی رایگەیاند: ''پشتڕاستی دەکەینەوە کە رۆژی هەینی هێرشێکی ئاسمانی کراوەتە سەر کاروانێکی ئۆتۆمبێل لە سلێمانی و لەنێو کاروانەکەدا سەربازی ئەمریکی هەبوون".
لای خۆیەوە، فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریکاش لەبارەی هێرشەکەی سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی رایگەیاند، سێ هاووڵاتیی ئەمریکی لەگەڵ ئەو کاروانەدا بوون کە کراوەتە ئامانج و هیچ زیانێکی گیانی نەبووە.
بەپێی زانیارییە بە فەرمی رانەگەیێندراوەکان، ئەو رووداوە بەهۆی ئەوە بوو کە شاندێکی باڵای بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر بە سەرۆکایەتیی مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات - هەسەدە لە سلێمانی بووە، بەڵام بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، مەزڵووم عەبدی سەلامەتە و چووەتەوە رۆژئاوای کوردستان.