شاڵاو کۆسرەت: هاتنی شاندەکەی عێراق بۆ لێکۆڵینەوە لە رووداوەکەی فڕۆکەخانە لەسەر داوای یەکێتی بوو
رووداو دیجیتاڵ
فڕۆکە سەربازییەکەی عێراق شاندێکی باڵای سەربازی بۆ لێکۆڵینەوە لە هێرشی سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی هێنایە شارەکە.
شاندەکەی عێراق پێکهاتبوون لە: قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی و عەبدولوەهاب ساعدی، سەرۆکی دژەتیرۆری عێراق. دوای کۆبوونەوەیەکی نیو کاژێری لە فڕۆکەخانە، چوونە شوێنی رووداوەکە و فڕۆکەخانەیان بەرەو ماڵی سەرۆکی یەکێتی جێهێشت.
شاڵاو کۆسرەت رەسوول، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی دەڵێ "لەگەڵ سەرۆکی یەکێتی پەیامێکمان بۆ سەرۆکوەزیرانی عێراق ناردووە، لیژنەیەکی باڵا بنێرن بۆ ئەوەی بەچاوی خۆیان ببینن ئەو بوختانانەی بۆ سلێمانی کراون بەتاڵن. (شاندەکە) دەچن بەچاوی خۆیان شوێنی ئەو رووداوەی دوێنێ بەداخەوە روویدا، ببینن".
تاوەکو ئێستا دەزگا ئەمنییەکان لایەنی ئەنجامدەری هێرشەکەیان ئاشکرا نەکردووە. بڕیارە شاندە سەربازییەکە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان بە راپۆرتێک بدەنە محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق.
شاڵاو کۆسرەت رەسوول سەبارەت بە ئەنجامدەری هێرشەکە دەڵێ "ناتوانین بڵێین دەزانین یان نازانین کێ هێرشی کردووەتە سەر فڕۆکەخانەی سلێمانی. چاوەڕوانی لێکۆڵینەوەکانین".
بەپێی زانیارییە نافەرمییەکان، هۆکاری هێرشکردنە سەر فڕۆکەخانەی سلێمانی، هەوڵی تیرۆرکردنی، مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) بووە کە ئێوارەی رۆژی هەینی لەگەڵ شاندێکی سەربازیی ئەمریکا لە سلێمانی کۆبووەتەوە. ئێوارەی ئەمڕۆش هەسەدە پشتڕاستی کردەوە لەکاتی هێرشەکەدا، مەزڵووم عەبدی لە فڕۆکەخانەی سلێمانی بووە.
سەرکردە عێراقییەکان هۆشداری دەدەنە وڵاتانی دراوسێ لە ئەنجامدانی هێرشی مووشەکی و درۆنی. هادی عامری، ئەمینداری رێکخراوی بەدر ئەمڕۆ لە بەغدا گوتی "داوا دەکەین تورکیا هەرچی زووە هێرشەکانی رابگرێت، گەرنا هەڵوێستی دیکەمان دەبێت و هیچ کاڵایەکیان هاوردە ناکەین. نابێت بە هەر بیانوویێک بێت، هێرش بکەنە سەر فڕۆکەخانەی سڤیلی سلێمانی، ئەو هێرشانە بووەستێنن".
جگە لەو شاندە، بڕیارە شاندێکی هاوبەشی لیژنەکانی بەرگری و دەرە و گواستنەوەی پەرلەمانی عێراق پێکبهێندرێت و بێنە سلێمانی بۆ لێکۆڵینەوە لە هێرشەکەی فڕۆکەخانە. ئەگەر بە بەڵگە بۆیان سەلمێنرا توركیا هێرشی سەر فڕۆكەخانەی سلێمانی کردووە، ئەوا داوا لە وەزارەتی دەرەوەی عێراق دەكەن باڵیۆزی توركیا بانگهێشت بکات و نامەی ناڕەزایی پێبدرێت.