گەنجێکی خەڵکی دیالە لە کەرکووک ژنێک دەخنکێنێت

 
رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی پۆلیسی کەرکووک دەڵێت، دوای ئەوەی بەیانیی ئەمڕۆ گەنجێک ژنێکی لەنێو ماڵەکەی خۆی کوشت و هەڵات، پۆلیسی کەرکووک دەستی بە لێکۆڵینەوە کرد و بکوژەکەی دوای سێ کاژێر دەستگیر کرد.
 
رۆژی شەممە 08-04-2023 رائید عامر شوانی، گوتەبێژی پۆلیسی پارێزگای کەرکووک بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، بەیانیی ئەمڕۆ ژنێک لە گەڕەکی عەدەنی شاری کەرکووک لەلایەن کوڕێکی گەنجەوە کوژرا و دوای سێ کاژێر لە بەدواداچوونی پۆلیس، بکوژ دەستگیر کرا.
 
گوتەبێژی پۆلیسی کەرکووک گوتیشی، "ئەو ژنە ناوی (خ. م. م)ە و تەمەنی 58 ساڵە، لەگەڵ کوڕێکی و بوکێکی خۆیدا ژیاوە، بەیانیی ئەمڕۆ دەوروبەری کاژێر 9:30 خولەک لە ماڵەوە لەلایەن کوڕێکەوە دەخنکێندرێت و دواتر کوڕەکە هەڵدێت."
 
بکوژەکە تەمەنی 21 ساڵە و خەڵکی دیالەیە. رائید عامر شوانی دەشڵێت، ئەو ژنە بەهۆی کێشەیەکی کۆمەڵایەتییەوە کوژراوە و ئێستا بکوژ دەستگیر کراوە و لێکۆڵینەوەی لەگەڵ دەکرێت.
 
ئامادەکردن: نازەنین گۆران و هەردی محەممەد