هەسەدە: مەزڵووم عەبدی لە کاتی هێرشەکەدا لە فڕۆکەخانەی سلێمانی بووە و سەلامەتە

08-04-2023
رووداو @Rudawkurdish
نیشانەکردن هەسەدە فڕۆکەخانەی سلێمانی مەزڵووم عەبدی
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

هەسەدە پشتڕاستی کردەوە لەکاتی هێرشەکەی دوێنێ بۆ سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی، مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات لە فڕۆکەخانەکە بووە و سەلامەتە.
 
فەرهاد شامی، بەرپرسی میدیایی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاند رۆژی هەینی 07-04-2023 لە کاتی هێرشەکەی سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی، مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات لە فڕۆکەخانەی سلێمانی بووە و بۆ سەلامەتیی ئەو تاوەکو دەگاتەوە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا، زانیارییەکانمان بڵاونەکردنەوە.. 
 
دوێنێ تۆڕی میدیایی رووداو لەبارەی رووداوەکەوە ئاشکرای کردبوو، مەزڵووم عەبدی سەلامەتە و چووەتەوە رۆژئاوای کوردستان. بەپێی زانیارییە بەفەرمی رانەگەیەنراوەکانیش ئەو رووداوەی روویدا، بەهۆی ئەوە بووە شاندێکی باڵای بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر بە سەرۆکایەتیی مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدە لە سلێمانی بوو. 
 
گوتەبێژی هێزەکانی سووریای دیموکرات لە راگەیەنراوەکەی ئەمڕۆیدا پشتڕاستی کردەوە، "مەزڵووم عەبدی سەلامەتە و گەڕاوەتەوە رۆژئاوای کوردستان". 
 
ئێوارەی هەینی 7-4-2023 دووکەڵی ئاگر لە نزیک فڕۆکەخانەی سلێمانی بەرزبووەوە، سەرەتا بەرپرسانی فڕۆکەخانە و ئاسایش رایانگەیاند، "هیچ رووینەداوە و ئاگرێکی ئاسایی بووە". دواتر بڵاوکرایەوە کە هێرشی درۆنی بووە.
 
دوای رووداوەکە، هەریەک لە سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان و سەرۆکایەتی کۆمار و پەرلەمانی عێراق و چەند کەسایەتی و دامەزراوەیەکی عێراق راگەیێندراویان سەبارەت بە هێرشەکە بڵاوکردەوە و نیگەرانیی خۆیان لە دۆخەکە دەربڕی.
 
سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق سەرکۆنەی هێرشەکەی کرد و رایگەیاند، "هیچ پاساوێک نییە کە رێگە بە تورکیا بدات لەنێو خاکی هەرێمی کوردستان و عێراقدا جموجووڵ بکات". 
 
ئەمڕۆش مەزڵووم عەبدی لە توویتێکدا رایگەیاند "بە تووندی سەرکۆنەی بە ئامانجکردنی فڕۆکەخانەی سلێمانی لەلایەن تورکیاوە دەکەین. ئەم پێشێلکارییانە لە عێراق و سووریا بەردەوامن و رەهەندی مەترسیداریان لەسەر ناوچەکە هەیە". 
 
فەرماندەی گشتیی هەسەدە هەروەها گوتی "هەڵوێستی نەتەوەییانەی یەکێتیی نیشتمانی لە پاڵپشتیکردنی براکانی لە سووریا، تورکیا بێزار دەکات. لە پەیوەندییە پرەنسیپییەکانمان لەگەڵ براکانمان و هاوپەیمانەکانمان لە سلێمانی بەردەوام دەبین و لە بەرامبەر ئەم پێشێلکارییانەدا یەکگرتووین". 
 
فیلیپ ڤێنتورا، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا (پێنتاگۆن) لە وەڵامی چەند پرسیارێکی تۆڕی میدیایی رووداودا سەبارەت بە هێرشەکە رایگەیاند: ''پشتڕاستی دەکەینەوە، رۆژی هەینی هێرشێکی ئاسمانی کراوەتە سەر کاروانێکی ئۆتۆمبێل لە سلێمانی و لەنێو کاروانەکەدا سەربازی ئەمریکی هەبوون". 
 
ئەم هێرشە لەکاتێکدایە، لە سێی نیسانەوە ئاسمانی تورکیا بە رووی بەکارهێنانی ئەو فڕۆکانەدا داخراوە کە لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانییەوە گەشت دەکەن. 
 
تانژو بیلگیچ، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا سەبارەت بە بڕیاری داخستنی ئاسمانی تورکیا بۆ گەشتەکانی سلێمانی دەڵێت، "لەچوارچێوەی چڕبوونەوەی چالاکییەکانی رێکخراوی تیرۆریستی پەکەکە لە سلێمانی، دزەکردنی ئەو رێکخراوە تیرۆریستییە بۆ ناو فڕۆکەخانە و بەمەش هەڕەشەکردن لە ئاسایشی گەشتە ئاسمانییەکان، ئەو بڕیارە دراوە". 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە