رووداوێکی هاتووچۆ لە دیلۆک گیانلەدەستدانی پێنج کەسی لێکەوتەوە

رووداو دیجیتاڵ

دوو ئۆتۆمبێل لە پارێزگای دیلۆکی باکووری کوردستان ئەمڕۆ پێکیاندا دا، لە ئەنجامدا 5 کەس گیانیان لەدەستدا و یەکێکی دیکەش بە سەختی بریندار بوو.
 
رووداوەکە لە رێگەی سەرەکیی دیلۆک-کیلیس لە نزیک دووڕیانی فڕۆکەخانەی دیلۆک، بەرەبەیانیی ئەمڕۆ (شەممە، 8-4-2023) روویداوە.
 
لەو رووداوەدا پێنج کەسیان لە شوێنی رووداوەکە گیانیان لەدەستدا و کەسێکیش بە سەختی برینداربوو. بریندارەکە و تەرمی پێنج کەسەکە گوازرانەوە نەخۆشخانە.
 
بەگوێرەی زانیاریی پزیشکان، بریندارەکە لە دۆخێکی ناجێگیردایە. تیمەکانی پۆلیسیش دەستیان بە لێکۆڵینەوە لە هۆکاری رووداوەکە کردووە. 
 
بەگوێرەی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆ لە وەزارەتی ناوخۆی تورکیا، ساڵی 2022 لە باکووری کوردستان و تورکیا 485 هەزار و 48 رووداوی هاتووچۆ روویانداوە؛ لە هەزار و 919 لەو رووداوانە، گیانلەدەستدان هەبووە؛ لە 195 هەزار و 11 رووداویشدا برینداربوون هەبووە. لەو رووداوی هاتووچۆیانەی ساڵی 2022، بە گشتی 2 هەزار و 282 کەس گیانیان لەدەستداوە و 291 هەزار و 151 کەسیش بریندار بوون.