هەڤاڵ ئەبوبەکر: ئومێد دەکەین هێرشکردنەسەر فڕۆکەخانەی سلێمانی ببێتە هۆکاری یەکخستنەوەی ریزەکانمان
رووداو دیجیتاڵ
پارێزگاری سلێمانی لەبارەی هێرشکردنەسەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی شارەکە دەڵێت، ئومێد دەکەن راگەیێندراو و لێدوانی هەموو لایەنێک خزمەت بە یەکڕیزی و تێپەڕاندنی دۆخەکە بکات. ئاماژەی بەوەش کرد، بڕیارە شاندێک لە بەغداوە بۆ لێکۆڵینەوە لە بابەتەکە سەردانی سلێمانی بکات.
رۆژی شەممە، 08-04-2023، هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی لەبارەی هێرشەکەی دوێنێی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، دۆخی سلێمانی و فڕۆکەخانە نێودەوڵەتییەکەی ئارامە و ''ئومێد دەکەین هەموو لایەنێک رۆڵ لە پاراستنی ئارامی، سەقامگیری و ئاسایشی شاردا ببینێت.''
ئێوارەی دوێنێ هەینی 7-4-2023 وێنەی دووکەڵی ئاگر لە نزیک فڕۆکەخانەی سلێمانی بڵاوبووەوە؛ سەرەتا بەرپرسانی فڕۆکەخانە و ئاسایش رایانگەیاند، "هیچ رووینەداوە و ئاگرێکی ئاسایی بووە". دواتر بڵاوکرایەوە کە هێرشی درۆنی بووە.
دوای رووداوەکە، هەریەک لە سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان و چەند کەسایەتی و دامەزراوەیەکی عێراق راگەیێندراویان سەبارەت بە هێرشەکە بڵاوکردەوە و نیگەرانیی خۆیان لە دۆخەکە دەربڕی.
هەڤاڵ ئەبوبەکر لەوبارەوە دەڵێت، پێویستە هیچ کەسێک بیر لەوە نەکاتەوە ببێتە هۆکارێک بۆ نەهێشتنی ئەو ئارامی و ئاسایشەی لە سلێمانی هەیە و ''پاراستنی ئاسایشی سلێمانی و هەرێمی کوردستان ئەرکی هەموومانە و هیوادارین راگەیێندراو و لێدوانی هەموو لایەنێک خزمەت بە یەکڕیزی و تێپەڕاندنی ئەم بارودۆخە بکات، نەک ئاڵۆزترکردنی.''
بەپێی زانیارییە بە فەرمی رانەگەیێندراوەکان، ئەو رووداوەی روویدا بەهۆی ئەوە بوو کە شاندێکی باڵای بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر بە سەرۆکایەتیی مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات - هەسەدە لە سلێمانی بوو، بەڵام بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، مەزڵووم عەبدی سەلامەتە و چووەتەوە رۆژئاوای کوردستان.
فلیپ ڤێنتورا، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا - پێنتاگۆن لە وەڵامی چەند پرسیارێکی تۆڕی میدیایی رووداودا سەبارەت بە هێرشەکە رایگەیاند: ''پشتڕاستی دەکەینەوە کە رۆژی هەینی هێرشێکی ئاسمانی کراوەتە سەر کاروانێکی ئۆتۆمبێل لە سلێمانی و لەنێو کاروانەکەدا سەربازی ئەمریکی هەبوون".
پارێزگاری سلێمانی ئاماژەی بەوەش کرد، لەگەڵ هەموو لایەنە پەیواندیدارەکان، دەوڵەتان، هاوپەیمانان، حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی لە پەیوەندیدان و ''ئومێد دەکەین ئەم رووداوە جارێکی دیکە بەهیچ جۆرێک دووبارە نەبێتەوە و ببێتە هۆکاری یەکخستنی ریزەکانمان، نەک دروستکردنی ناکۆکی.''
هەڤاڵ ئەبوبەکر گوتیشی، بابەتی هێرشکردنە سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی، بابەتێکی ئەمنیی وردە و لایەنە ئەمنییەکان سەرقاڵی لێکۆڵینەوەی وردن و گوتی: ''ئومێد دەکەین هەموو لایەنێک بگەن بە ئەنجامێک کە دواجار فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی بکرێتەوە.''
تانژو بیلگیچ، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا سەبارەت بە داخستنی ئاسمانی تورکیا بۆ گەشتەکانی سلێمانی دەڵێت، "لە سێی نیسانەوە ئاسمانی تورکیا بە رووی بەکارهێنانی ئەو فڕۆکانەدا داخراوە کە لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی عێراقەوە گەشت دەکەن."
سەبارەت بە هۆکاری بڕیارەکەش، تانژو بیلگیچ رایگەیاند: "لەچوارچێوەی چڕبوونەوەی چالاکییەکانی 'رێکخراوی تیرۆریستی پەکەکە' لە سلێمانی، دزەکردنی ئەو رێکخراوە تیرۆریستییە بۆ ناو فڕۆکەخانە و بەمەش هەڕەشەکردن لە ئاسایشی گەشتە ئاسمانییەکان، ئەو بریارە دراوە."
پارێزگاری سلێمانی لەوبارەوە دەڵێت، ''ئێمە هەموو لایەنێکمان بە فەرمی دڵنیا کردووەتەوە کە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی فڕۆکەخانەیەکی مەدەنییە و سیستمی بەرگری لەو فڕۆکەخانەیەدا نییە و بۆ کاری مەدەنی بەکار دەهێندرێت. پێویستیشە هەموو لایەنێک بەو شێوەیە مامەڵەی لەگەڵدا بکەن".