وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا بۆ رووداو: لێکۆڵینەوە لە هێرشەکەی سەر سلێمانی دەکرێت

رووداو دیجیتاڵ 

گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا بە رووداوی راگەیاند، "پشتڕاستیدەکەینەوە کە رۆژی هەینی هێرشکراوەتە سەر کاروانێکی ئۆتۆمبێل لە سلێمانی و لە نێو کاروانەکەدا سەربازی ئەمریکیش هەبوون، بەڵام هەموویان سەلامەتن و ئێستا لێکۆڵینەوە لە هێرشەکە دەکرێت."
 
فلیپ ڤێنتورا، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا لە وەڵامی چەند پرسیارێکی رووداو سەبارەت بە هێرشەکەی سەر فڕۆکەخانەی سلێمانی، رۆژی هەینی بە رووداوی راگەیاند ''ئێمە پشتڕاستیدەکەینەوە کە رۆژی هەیەنی، هێرشێکی ئاسمانی بۆسەر کاروانێکی ئۆتۆمبێل لە سلێمانی هەبووە و لەنێو کاروانەکەدا سەربازی ئەمریکی هەبوون.'' گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا دەشڵێت ''دەتوانین پشتڕاستیشی بکەینەوە کە هێرشەکە هیچ زیانێکی گیانی نەبووە و ئێستا هێرشەکە لەژێر لێکۆڵینەوەدایە.''
 
ئاماژەی بەوەشداوە، وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا بە تووندی لە دژی هەر کردەوەیەکە کە دەبێتە هەڕەشە بۆسەر سەلامەتی و ئاسایشی هێزەکانی ئەمریکا. 
 
هەروەها فلیپ ڤێنتورا، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا دەشڵێت: "جەخت لەوەدەکەمەوە کە هێزەکانی ئەمریکا بۆ پشتیوانیکردن لە هاوبەشە لۆکاڵییەکانمان بۆ تێکشکاندنی یەکجاری داعش لە عێراق و سووریا دەمێننەوە.''
 
هەروەها جۆی بوچینۆ، گوتەبێژی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا بە رۆژنامەڤانانی گوت کە "سێ ئەمریکیش لەگەڵ ئەو کاروانە بوونە کە لە سلێمانی کراونەتە ئامانجی هێرشەکە، هیچ کەسێک بریندار نەبووە."
 
ئێوارەی رۆژی هەینی وێنەی دووکەڵی ئاگرێک لە نزیک فڕۆکەخانەی سلێمانی بڵاوکرایەوە، سەرەتا بەرپرسانی فڕۆکەخانە و ئاسایش رایانگەیاند، "هیچ رووینەداوە و ئاگرێکی ئاسایی بووە". دواتر بڵاوکرایەوە کە هێرشی درۆنی بووە. چەند میدیایەکی دەرەکیش دەڵێن، مەزڵووم عەبدی لە سلێمانی بووە و دوو درۆنی تورکی لێدانی هوشدارییان ئاراستەی لای هەلیکۆپتەرەکەی کردووە.
 
بەپێی زانیارییە بە فەرمی رانەگەیێندراوەکان، ئەو رووداوە بەهۆی ئەوەبوو کە شاندێکی باڵای بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر بە سەرۆکایەتیی مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات لە سلێمانی بوو، بەڵام بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، مەزڵووم عەبدی سەلامەتە و گەیشتووەتەوە رۆژئاوای کوردستان. 
 
هێزەکانی سووریای دیموکرات - هەسەدەش لە راگەیێندراوێکدا رەتیدەکاتەوە مەزڵووم عەبدی لە هێرشەکەدا کرابێتە ئامانج. 
 
بە گوێرەی بەدواداچوونەکانی تۆڕی میدیایی رووداو کە لە چەند سەرچاوەیەکی نێو ئاسایشی فڕۆکەخانەی سلێمانییەوە دەستیکەوتوون، کۆبوونەوەیەکی ئەمنی لە سلێمانی هەبووە بە بەشداری شاندێکی باڵای هەسەدە و دوای کۆبوونەوەکە ئەو هێرشە روویداوە. 
 
سەرچاوەکانی ئاسایشی فڕۆکەخانەی سلێمانی بە رووداویان گوت، لەو کۆبوونەوەیەدا مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات - هەسەدە و چەند بەرپرسێکی دیکەی ئەو هێزەی رۆژئاوای کوردستان و باکووری رۆژهەڵاتی سووریا لە کۆبوونەوەکەدا بەشداربوون.