پەرلەمان بۆ دەنگدان لەسەر هەمواری یاسای سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان كۆدەبێتەوە

رووداو-هەولیر

جێگری دوومی سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند، لە كۆبوونەوەی رۆژی چوارشەممەی پەرلەمانی كوردستان "دەنگدان لەسەر پرۆژەیاسای كاراكردنەوەی دامەزراوەی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان دەكرێت".

مونا قاوەچی، جێگری دوومی سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان بە (تۆڕی میدیایی رووداو) ی راگەیاند "لە كاژێر 14:00ـی رۆژی چوارشەممە 10-4-2019 پەرلەمانی كوردستان كۆدەبێتەوە بۆ ئەو مەبەستەش پەرلەمانتاران ئاگادار كراونەتەوە".

لەبارەی ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكە جێگری دوومی سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان گوتی "لە كۆبوونەوەكەدا دەنگدان لەسەر پرۆژەیاسای كاراكردنەوەی دامەزراوەی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان و هەمواری شێوازی هەڵبژاردنی سەرۆك تاوەكو پەسەندكردنی دەستوور، دەكرێت".

پێشتر تەنیا دوو ئەندامی لیژنەی كاروباری یاسایی پەرلەمان واژۆیان لەسەر پێشكەشكردنی پرۆژەیاسای هەموواری سەرۆكایەتی هەرێمی کوردستان نەكردبوو ئەوانیش رووپاك ئەحمەد لە فراكسیۆنی كۆمەڵ ‌و كاوە عەبدولقادر لە فراكسیۆنی نەوەی نوێ بوون‌، دوو پەرلەمانتاری یەكێتی یش كە بریتی بوون لە عەباس فەتاح، جێگری سەرۆكی لیژنەی كاروباری یاسایی ‌و رۆژان محەممەد كەریم ئەندامی لیژنەكە بە تێبینییەوە واژۆیان كرد. 



پێداچوونەوە؛ عومەر شایان