لە گەرمیان دوو هاونیشتمانی بە رووداوی هاتووچۆ گیانیان لەدەستدا

رووداو دیجیتاڵ 

لە نزیک ناحیەی رزگاری لە ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان، لە رووداوێکی هاتووچۆدا دوو هاونیشتمانی گیانیان لەدەستدا و سێی دیکەش بریندار بوون.
 
رووداوەکە کاژێر 01:30ـی بەرەبەیانیی ئەمڕۆ هەینی لە نزیک گوندی کارێزە لە نێوان ئۆتۆمبێلێکی تایبەت و پیکابێکدا روویداوە. 
 
موقەدەم سامان عەلی، گوتەبێژی هاتووچۆی گەرمیان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، شۆفێری ئۆتۆمبێلە تایبەتەکە و سەرنشینێکی پیکابەکە گیانیان لەدەستداوە.
 
ئەو دوو کەسەی گیانیان لەدەستداوە یەکێکیان لەدایکبووی 1972ـە و ئەوی دیکەش 1960 و هەردووکیان خەڵکی سنوورەکەن.
 
هەر سێ بریندارەکە رەوانەی نەخۆشخانە کراون. سامان عەلی گوتی، پەڕاوی لێکۆڵینەوەیان بۆ رووداوەکە کردووەتەوە.
 
بە گوێرەی ئاماری بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی گەرمیان بۆ رووداو، ساڵی رابردوو لە سنوورەکە 468 رووداوی هاتووچۆ روویانداوە، بەهۆیانەوە 34 کەس گیانیان لەدەستداوە و 631 کەسیش بریندار بوون.
 
تاوەکو ئەمڕۆ ئاماری رووداوەکانی هاتووچۆی ساڵی رابردوو لە هەرێمی کوردستان بڵاو نەکراوەتەوە.
 
بە گوێرەی پۆلیسی هاتووچۆ، ساڵی 2022 لە هەرێمی کوردستان سێ هەزار و 706 رووداوی هاتووچۆ روویانداوە؛ دوو هەزار و 909  رووداو بەهۆی پێکدادانی ئۆتۆمبێلەوە بووە، لە کۆی رووداوەکاندا 445 کەس گیانیان لەدەستداوە حەوت هەزار و 250 کەسیش بریندار بوون.