رێژەی 46٪ـی بەنداوەکانی پارێزگای کرماشان بەتاڵن

رووداو دیجیتاڵ
 
توانای گلدانەوەی بەنداوەکانی کرماشان یەک ملیار و 350 ملیۆن مەتری سێجایە، بەڵام 624 ملیۆن مەتری سێجا کە دەکاتە 46٪یان بەتاڵە.
 
رۆژی هەینی 8ـی ئاداری 2024، رەسووڵ فەرهادی، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی کرماشان رایگەیاند، "ئێستا 722 ملیۆن مەتری سێجا ئاو لە بەنداوەکانی کرماشان هەیە کە دەکاتە 54٪ـی ئەو ئاوەی دەتوانین گلی بدەینەوە. لە سەرەتای نەورۆزی 2023 ئەو بڕە 606 ملیۆن مەتری سێجا بوو".
 
بە گوتەی بەڕێوەبەری ئاوی کرماشان، لە یەک ساڵی رابردوو تەنیا 116 ملیۆن مەتری سێجا ئاو لە سەرجەم بەنداوەکانی ئەو پارێزگایەدا گلدراوەتەوە.
 
پارێزگای کرماشان شەش بەنداوی گەورەی هەیە و بە گوتەی رەسووڵ فەرهادی، بەنداوی تەنگی حەمامی قەسری شیرن 100٪، بەنداوی ئازادی داڵاهۆ 76٪، بەنداوی زاگرۆسی گەیڵانغەرب 72٪، بەنداوی سلێمان پاشای سەنقەر 25٪، بەنداوی زمکانی داڵاهۆ 17٪ و بەنداوی گەیڵانغەرب 30٪ ئاویان تێدایە.
 
پارێزگای کرماشان لە 14 شارۆچکە و 35 شار پێکدێت. شەش بەنداوی گەورە و شەش بەنداوی بچووک، ئاوی خواردنەوە و کشتوکاڵی نزیکەی دوو ملیۆن دانیشتووی پارێزگاکە دابیندەکەن.