لە ژمارەیەک گوندی رۆژهەڵاتی کوردستان ئاهەنگی پێشوەختە بەبۆنەی نەورۆز سازکرا

رووداو دیجیتاڵ

کچان و کوڕانی مەشخەڵبەدەستی گوندی شیانی هەورامان ئاگری نەورۆزیان کردەوە؛ ئەمساڵ بەهۆی ئەوەی سەری ساڵی نوێی کوردی دەکەوێتە نێو مانگی رەمەزان، لە ژمارەیەک شار و گوند، رێوڕەسمی  تایبەت بە نەورۆز زووتر لە کاتی ئاسایی خۆی سازکرا.
 
گوندی شیان لە ناوچەی ژاوەرۆ هەڵکەوتووە و سەر بە شاری سنەیە، دانیشتووانەکەی بە شێوەزارەکانی هەورامی و سۆرانی قسە دەکەن. 22 ساڵە لەو گوندەدا رێوڕەسمی گەورەی نەورۆز رێکدەخرێت. 
 
خەڵک خۆیان رێکخەری رێوڕەسمەکەن و بە پاڵپشتی یەکدی بەڕێوەیدەبەن، وەکو هێمایەکی نەتەوەیی و کولتوورییان.
 
هاونیشتمانییان، بە ژن و پیاوەوە، لەنێو شاری سنە و گوندەکانی هەورامانەوە بە جلوبەرگی رازاوەی کوردی لەو جەژن و بۆنە نەتەوەییەدا بەشدارن و بە شایی و هەڵپەڕکێ، خۆشی خۆیان بە بۆنەی نوێبوونەوەی ساڵ دەردەبڕن.
 
محەممەدعارف ئەحمەدی، هاونیشتمانیێکی سنەیە کە بەشداری لە ئاهەنگگێڕانی نەورۆز کردووە لە گوندی شیان، دەڵێ "دروود بە شەرەفیان، ئەوانەی کە زەحمەتییان کێشا و خەڵکی ئاواییەکان و ئەوانەی کە لە دوورەوە هاتوون، زۆر رێزمان بۆ ئەو کەسانەی مەراسیمەکەیان سازکرد، هەروەها ئەو هونەرمەندانەی هەستیان بە بەرپرسیارییەتی کرد."
 
ساڵانە لەگەڵ هاتنی نەورۆز و ساڵی نوێی کوردی و بەهار، لە سەرانسەری کوردستانی گەورە ئاهەنگی جەژنی نەورۆز سازدەکرێت. ئەمساڵ بەهۆی هاوکاتبوونی لەگەڵ رەمەزان، رێوڕەسمەکانی نەورۆز زووتر لە ساڵانی رابردوو دەستیان پێکردووە.