باڵیۆزخانەی ئەمریکا بۆ سووریا داوای راگرتنی هێرشەکانی سەر ئەنەکەسە دەکات
رووداو دیجیتاڵ
باڵیۆزخانەی ئەمریکا بۆ سووریا دەڵێت، نیگەرانە لە هێرشکردنە سەر نووسینگەکانی ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا- ئەنەکەسە لە رۆژئاوای کوردستان و داوای دەستبەجێ کۆتاییهێنان بەو جۆرە مامەڵەیە دەکات.
رۆژی هەینی، 8ی ئاداری 2024، باڵیۆزخانەی ئەمریکا بۆ سووریا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاویکردەوە، "نیگەرانین لەو راپۆرتە بەردەوامانەی لەبارەی هێرشکردنە سەر نووسینگەکانی ئەنجوومەنی نیشتیمانیی کورد لە باکووری سووریا بڵاودەبنەوە و داوای دەستبەجێ راگرتنیان دەکەین".
ئەو راگەیێندراوەی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە کاتێکدایە، رۆژی 1-3-2024 هێرشکرایە سەر نووسینگەی پارتی دیموکراتی کوردستان-سووریا- پەدەکەسە کە پێکهێنەری سەرەکی ئەنجوومەنی نیشتیمانیی کوردە.
لە درێژەی راگەیێندراوەکەی باڵیۆزخانەی ئەمریکادا هاتووە کە "داوا لە هەموو لایەنەکان دەکەین رێگەیەکی ئاشتیانە و مانادار بگرنەبەر بۆ پێشخستنی خواستەکانی گەلی سووریا بێ تووندوتیژی".
ئەو رۆژەی هێرشەکەی تێدا کرا، پارتی دیموکراتی کوردستان-سووریا لە نووسینگەی خۆی لە کۆبانێ بۆنەیەکی لە رۆژی کۆچی دوایی مەلا مستەفا بارزانی رێکخستبوو.
بەرپرسانی پەدەکەسە دەڵێن، هێرشەکە لەلایەن ئەندامانی گرووپی "گەنجانی شۆڕشگێڕ"ەوە کرا کە بە نزیک لە پارتی کرێکارانی کوردستان - پەکەکە دادەندرێت.
رۆژی 2ی مانگیش لە شارۆچکەی دربێسیێ و رۆژی 6ی مانگیش لە شاری عامودێ لە رۆژئاوای کوردستان هێرشکرایە سەر نووسینگەکانی ئەنەکەسە.
گرووپی گەنجانی شۆڕشگێڕ بە ئەنجامدەری ژمارەیەک هێرشی دیکە بۆسەر نووسینگەکانی ئەنەکەسە و ئەندامانی دادەندرێت. تاوەکو ئێستا گەنجانی شۆڕشگێڕ هیچی لەسەر هێرشەکانی ئەم مانگە نەگوتووە.
دوای رووداوەکە سولەیمان ئۆسۆ، سکرتێری پارتی یەکێتیی کوردستان- سووریا کە پارتێکی نێو ئەنەکەسەیە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لەو هێرشەدا ژمارەیەک هاونیشتمانی بریندار بوون و بەشێکی زۆری کەلوپەلەکانی نێو نووسینگەکەش تێکشکێندران.
ئەنەکەسە و پەیەدە چەند ساڵێکە کێشەیان هەیە. پەیەدە هێزێکی سەرەکی پێکهێنەری دەسەڵاتی رۆژئاوای کوردستانە و لەلایەن ئەنەکەسەوە تۆمەتبار دەکرێت بەوەی کە رێگری لێدەکات بەشداری بەڕێوەبردنی ئەو پارچەیەی کوردستان بێت.