لە مهاباد دوو هاونیشتمانی لە سێدارە دران

رووداو دیجیتاڵ
 
دوو هاونیشتیمانیی رۆژهەڵاتی کوردستان، کە یەکێکیان خەڵکی مهابادە و ئەوەی دیکە خەڵکی شنۆیە، بە تۆمەتی "کوشتنی بە ئەنقەست" لە زیندانی ناوەندیی مهاباد لە سێدارە دران.
 
بەپێی زانیارییەکان، دوو بەندکراوی کورد بە ناوەکانی عەباس دادوەر، خەڵکی مەهاباد و فەخرەدین مەنگوڕنژاد، خەڵکی شنۆ، بەرەبەیانی رۆژی پێنجشەممە 7ی ئاداری 2024، لە بەندیخانەی ناوەندی شاری مەهابادی سەر بە پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان لەسێدارەدراون.
 
رۆژێک بەر لە سێدارەدانیان، ئەو دوو بەندکراوە بەمەبەستی جێبەجێکردنی سزاکەیان، گواستراونەتەوە ژووری تاکەکەسی زیندانی مهاباد.
 
ئەو دوو بەندکراوە چوار ساڵ پێش ئێستا بە تۆمەتی "کوشتنی دوو برا" لە رێگەی تاڤگەی شەڵماشی سەردەشت، دەستبەسەرکران و دواتر دادگە سزای سێدارەی بەسەریاندا سەپاند.
 
ئێران لە ریزی پێشەوەی ئەو وڵاتانەیە، کە زۆرترین سزای لەسێدارەدانی تێدا جێبەجێ دەکرێت.
 
رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ بەردەوام رەخنە لە شێوازی دادگاییکردن و سەپاندنی سزای سێدارە لە دەسەڵاتی دادوەری ئەو وڵاتە دەگرن و دەڵێن، لە رەوتی دادگاییکردنەکاندا مافی گومانلێکراوان لەبەرچاو ناگیرێت و تەنانەت رێگە نادرێت بۆ بەرگریکردن لە خۆیان، پارێزەر بگرن.
 
بەپێی رێکخراوی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ، لە ساڵی رابردوودا 823 بەندکراو لە زیندانەکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان لە سێدارە دراون و 151 کەسیان کوردن کە دەکاتە 18٪ی کۆی ئەوانەی لە سێدارە دراون.
 
هەروەها بەگوێرەی رێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران، لە ساڵی 2022دا 582 کەس لە ئێران لە سێدارە دراون. ئەوە لە کاتێکدایە ژمارەکە لە ساڵی 2021دا 331 کەس بووە.