لە سەڵماسی ورمێ دەست بەسەر 31 کیلۆ مادەی هۆشبەردا گیرا

08-03-2024
سینا سۆما
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان دەڵێت، لە شاری سەڵماس لە باکووری ئەو پارێزگایە دەستیان بەسەر 31 کیلۆگرام مادەی هۆشبەردا گرتووە و قاچاخچییەکیش لەلایەن هێزەکانیانەو دەستبەسەر کراوە.
 
رەحیم جەهانبەخش، بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای ورمێ رایگەیاند، لە چوارچێوەی هەوڵەکانیان بۆ بەرەنگاربوونەوەی مادەی هۆشبەر لە سنووری پارێزگاکە، تیمەکانیان ئۆتۆمبێلێکیان لەسەر رێگەی نێوان شارەکانی سەڵماس-ورمێ خستە ژێر چاودێرییەوە کە گومان دەکرا مادەی هۆشبەری تێدا حەشاردراوە.
 
رەحیم جەهانبەخش گوتی، "دوای ئەوەی هێزەکانی هۆبەی بەرەنگاربوونەوەی مادەی هۆشبەر ئۆتۆمبێلەکە دەوەستێنن، دەیپشکنن، لە ئەنجامدا دەست بەسەر 31 کیلۆگرام مادەی هۆشبەری جۆری هێرۆییندا دەگرن، کە لە نێو ئۆتۆمبێلەکەدا شاردرابووەوە".
 
بە گوتەی جەهانبەخش، شۆفێری ئۆتۆمبێلەکە لەلایەن پۆلیسەوە بە تۆمەتی بەقاچاخبردنی مادەی هۆشبەر دەستگیرکراوە و دوای لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان، دۆسیەکەی رەوانەی لایەنە فەرمییەکانی دەسەڵاتی دادوەریی پارێزگای ورمێ کراوە.
 
رۆژی 4ی ئاداری 2024، بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای ورمێ رایگەیاندبوو، لە 11 مانگی رابردوودا لە سنووری پارێزگاکە، دەست بەسەر چوار تۆن و 700 کیلۆگرام مادەی هۆشبەردا گیراوە، 297 قاچاخچیش دەستگیرکراون و 61 باندی قاچاخ و ترانزێتی مادەی هۆشبەر لەنێوبراون.
 
پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان بەهۆی هاوسنووریی لەگەڵ تورکیا، هەرێمی کوردستان و ئازەربایجان وەک شوێنێکی ترانزێت بۆ قاچاخی مادەی هۆشبەر بەکاردەهێنرێت و ساڵانە لە پارێزگەکەدا دەست بەسەر نزیکەی پێنج تۆن مادەی هۆشبەردا دەگیرێت.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە