لە رووداوێکی هاتووچۆدا لە ئیلام دوو کەس گیانیان لەدەستدا

08-03-2024
سینا سۆما
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
لە رووداوێکی هاتووچۆدا لە پارێزگای ئیلامی رۆژهەڵاتی کوردستان، دوو کەس گیانیان لەدەستدا و سێ کەسی دیکەش بریندار بوون.
 
رووداوەکە لەسەر رێگەی نێوان شاری میهران و گوندی بان رەحمان بووە و لە نێوان دوو ئۆتۆمبێلی تایبەت لە جۆری پراید و بیجۆ روویداوە. 
 
ئەبوڵفەزل کەهزادی، بەڕێوەبەری پۆلیسی رێگەوبانی پارێزگای ئیلام رایگەیاند، دوای ئەوەی پۆلیسی فریاکەوتن ئاگاداری کردینەوە رووداوێکی هاتووچۆ لە رێگەی نێوان میهران و بان رەحمان روویداوە، دەستبەجی تیمێکی پۆلیسی رێگەوبانمان ناردە شوێنی رووداوەکە.
 
کەهزادی گوتی، لە رووداوەکەدا دوو کەس گیانیان لەدەستداوە و سێ کەسی دیکەش بریندار بوون، کە لەلایەن تیمەکانی فریاکەوتنەوە گوازراونەتەوە نەخۆشخانە.
 
سەبارەت بە هۆکاری رووداوەکەش، بەڕێوەبەری پۆلیسی رێگەوبانی پارێزگای ئیلام گوتی، بەپێی لێکۆڵینەوەکان بێباکی شۆفێری پراید لەکاتی سووڕانەوە لە یەکتربڕی میهران-بان رەحمان هۆکاری رووداوەکە بووە.
 
ساڵانە لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان ژمارەیەکی زۆری خەڵک بە رووداوی هاتووچۆ گیانیان لەدەستدەدەن.
 
کەماڵ هادیانفەر، بەڕێوەبەری پۆلیسی هاتووچۆی ئێران رایگەیاندووە، لە ماوەی 11 مانگی رابڕدوودا نزیکەی 19 هەزار کەس بە رووداوەکانی هاتووچۆ گیانیان لەدەستداوە و ئەمەش بەراورد بە ساڵی پێشووتر نزیکەی 6٪ زیادی کردووە.
 
رۆژی 25-01-2024، ئەبوڵفەزل کەهزادی، بەڕێوەبەری پۆلیسی رێگەوبانی پارێزگای ئیلام رایگەیاند، لە ماوەی 10 مانگدا 138 کەس بەهۆی رووداوەکانی هاتووچۆ لە سنووری ئەو پارێزگایە گیانیان لەدەستداوە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە