بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر دوایین مۆڵەت دەداتە حیزبە بێ مۆڵەتەکان

08-03-2024
سینا سۆما
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لە رۆژئاوای کوردستان هۆشداری دەداتە ئەو حیزبانەی مۆڵەتی فەرمی کارکردنیان لەو بەڕێوەبەرایەتییە وەرنەگرتووە و بەبێ مۆڵەت کار دەکەن، پێویستە تاوەکو سەرەتای مانگی نیسان داواکاریی مۆڵەت پێشکەش بکەن، بە پێچەوانەوە رێکاری یاساییان بەرامبەر دەگیرێتەبەر.
 
لیژنەی کاروبارە حیزبییەکانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لە رۆژئاوای کوردستان راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، لیژنەکە رۆژی 5ـی ئاداری 2024، لە شاری عامودا کۆبووەتەوە و گفتۆگۆیان لەبارەی کار و چالاکیی پارتە سیاسییەکان لە رۆژئاوای کوردستان و ناوچەکانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر کردووە. 
 
لە راگەیێندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، لیژنەی کاروبارە حیزبییەکانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر سەبارەت بە کاری حیزبە سیاسیەکان بریارێکی دەرکردووە و بە پێی بریارەکە، پێویستە هەموو ئەو پارت و لایەنە سیاسیانەی لە رۆژئاوای کوردستان چالاکی دەکەن، مۆڵەتی فەرمیی کارکردنیان هەبێت.
 
لیژنەی کاروبارە حیزبییەکانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر داوا لەو لایەنانە دەکات کە کاری سیاسی خۆیان بەبێ مۆڵەت دەکەن، سەردانی نووسینگەکانی بکەن و داواکاریی مۆڵەتی فەرمیی کارکردنیان پێشکێشی لێژنەکە بکەن. 
 
لە بریارەکەدا کات بۆ لایەنە سیاسیەکان دەستنیشان کراوە و راگەیێندراوە، ئەو لایەنانەی مۆڵەتیان نییە دەتوانن لە رۆژی 7ـی ئادارەوە تاوەکو 1ـی نیسانی 2024، داواکاریی مۆڵەتی کارکردن بۆ لیژنەی کاروبارە حیزبییەکانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر بەرزبکەنەوە و جەخت لەوە کراوەتەوە، بە پێچەوانەوە ئەگەر ئەو لایەنانە داوای مۆڵەت نەکەن، رێکاری یاساییان بەرامبەر دەگیرێتەبەر.
 
ئەو بڕیارەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر، بەپێی یاسای ژمارەی 6ی مۆڵەتپێدانی حیزبەکانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر کە لە 20-05-2018 دەرچووە و بەپێی کۆبوونەوەی ژمارە 2ـی لیژنەی حیزبەکان کە لە 05-03-2024 بەڕێوەچوو، دراوە
 
بریارەکە واژووی ئاریا مەلا ئەحمەد و حیکمەت حەبیب، هاوسەرۆکانی لێژنەی کاروبارە حیزبییەکانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەری لەسەرە و لە رۆژی 7ی ئاداری 2024 دەرچووە و هەر لە رۆژی دەرچوونییەوە کاری پێدەکرێت.
 
پێدەچێت مەبەست لەدەرکردنی ئەو بریارە، ئەنجوومەنی نیشتیمانیی کورد لە سووریا-ئەنەکەسە و پارت و لایەنە سیاسیەکانی سە ربەو ئەنجوومەنە بن، کە تائێستا دانیان بە بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر نەناوە و رەتیدەکەنەوە، داوای مۆڵەتی کارکردن لەو بەڕێوەبەرایەتییە بکەن.
 
ئەوە لە کاتێکدایە ناکۆکییەکی تووند لە نێوان ئەنەکەسە و لایەنە سیاسییەکانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر هەیە، سەڕەرای چەندین گەڕی دانوستاندن لە نێوانیان لە ماوەی ساڵانی رابردوو، تائێستا ناکۆکییەکانیان بە چارەسەرنەکراوی ماونەتەوە.
 
هەفتەی رابڕدوو لە شاری کۆبانێی رۆژئاوای کوردستان، هێرش کرایە سەر نووسینگەی پارتی دیموکراتی کوردستان- سووریا (پەدەکەسە) کە پارتی سەرەکیی ئەنەکەسەیە. پەدەکەسە و ئەنەکەسە رایانگەیاندووە، لەلایەن جوانێن شۆڕشگێڕەوە هێرش کراوەتە سەر بارەگری پەدەکەسە لە کۆبانێ.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە