وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا بۆ رووداو: هاوئاهەنگی نێوان بەغدا و هەولێر بۆ پرسی ئاسایش و وزە گرنگە


رووداو دیجیتاڵ 

وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا دەڵێت، مەترسی داعش سێبەری بەسەر هەرێمی کوردستانەوە ماوە و لە وەڵامی پرسیاری پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداویشدا دەڵێت، هاوئاهەنگی نێوان بەغدا و هەولێر بۆ ئاسایش و وزە گرنگە. سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش سوپاسی ئەڵمانیا دەکات لە بەرامبەر پێشکێشکردنی هاوکارییەکان بە هەرێمی کوردستان و پێشمەرگە. 
 
رۆژی چوارشەممە 8ـی ئاداری 2023، دوای کۆبوونەوەکەیان، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و ئانالینا بێربۆک، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانییان ئەنجامدا. وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا سوپاسی هەرێمی کوردستانی کرد کە هاوکاریی مرۆیی پێشکێشی زیانلێکەوتووانی بوومەلەرزەکەی تورکیا کردووە.
 
وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا گوتی: "لە دڵەوە سوپاستان دەکەم بۆ هاوکارییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بوومەلەرزەکەی تورکیا. ماوەیەک لەمەوبەر خۆم لە شوێنی کارەساتەکەی تورکیا بووم، ئەو قەبارە گەورەیەی کاریگەریی بوومەلەرزە بە خەیاڵی کەسدا نایەت. تورکیا بۆ ئێمە دراوسێیەکی راستەوخۆ نییە، بەڵام ملیۆنان خێزان لە هەردوو لامان، لە نزیکەوە لەگەڵ یەکدی لە پەیوەندیدان؛ بۆیە لە ئەڵمانیاش خێزانێکی زۆر چاودێری ئەوەیان دەکرد بزانن کێ یەکەم کەس گەیشتە تورکیا، کاتێک کە پێداویستیی یەکجار پێویست بوو. یارمەتیدانی ئەو خەڵکە لە دراوسێیەتییەکی سەخت و ئەمنیدا لەلایەن هەرێمی کوردستانەوە لەسەر ئاستی دنیادا ناوبانگی دەرکرد." 
 
هەرێمی کوردستان وەک شوێنێکی ئارام بۆ ئاوارە و پەنابەران
 
ئانالینا بێربۆک هەروەها گوتی، نزیکەی یەک ملیۆن کەس کە لەدەستی داعش رایانکردبوو، ئەمڕۆ وەکو ئاوارەی لە هەرێمی کوردستان دەژین و گوتیشی: "هەروەها سەتان هەزار هاووڵاتیی سووریا کە لەدەست شەڕی ناوخۆی وڵاتەکەیان رایانکردبوو، لێرە پەناگەیەکی ئارامیان دەستکەوت. بۆ ئەم کارە گەورەیە رێز و پێزانینێکی زۆرمان هەیە، بەتایبەتی کە تاوەکو ئێستاش درێژەی هەیە. بۆیە هەوڵ دەدەین ئێمەش لە ئەڵمانیاوە هاوکاربین. لە ساڵی 2014ـەوە نزیکەی 800 ملیۆن یۆرۆ هاوکاریی مرۆییمان بۆ ئێرە تەرخانکردووە. بەشی زۆری هاوکاریی سەقامگیرکردنەوەی ئەڵمانیا دەنێردرێتە هەرێمی کوردستان. دەمانەوێ درێژە بەم رۆڵەی خۆمان بدەین و دوێنێش لە بەغدا ئەم پەیامەم گەیاند." 
 
وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا باسی لە کوردانی ئێزدی کرد و گوتی: "خەڵکانێکی زۆر کە پەنایان بۆ هەرێمی کوردستان هێناوە و لێرە گیرساونەتەوە، ئێزدییەکانن. ئێمە گوێبیستی ئەوە بووین کە کەمپەکان نامێنن؛ بۆ ئەمە دەبێ پلانێکی ورد و جەوهەرییانە هەبێت، چونکە نابێ ئەو خەڵکە دووبارە تووشی ئاوارەیی و دەربەدەری ببنەوە و نابێ بگەڕێنەوە شوێنێکی نائارامیش. ئێستا لە گفتوگۆکەماندا ئاماژەمان بەوە کرد کە گەڕانەوەیەکی بە شکۆ بۆ ئەم خەڵکە زۆر گرنگە؛ بۆ ئەمەش دەمانەوێ پشتیوان بین و بەیەکەوە کار بکەین بۆ ئەوەی ئەم ژینگەیە بۆ ئاوارەکان بڕەخسێنین." 
 
ئانالینا بێربۆک ئاماژەی بە بەجینۆسایدناساندنی کۆمەڵکوژی ئێزدییەکان لە پەرلەمانی وڵاتەکەی کرد و گوتی: "لە پەرلەمانی ئەڵمانیا ماوەیەک لەمەوپێش، تاوانەکانی دژ بە ئێزدییەکانمان وەکو جینۆساید ناساند و دانمان پێدانا. ئێمە دەزانین کە کاریگەرییەکانی جینۆساید نەوە دوای نەوە دەمێنێتەوە؛ بۆیە گەڕانەوەیەکی شکۆمەندانە کارێکی زۆر پێویستە. هەر کەسێک لە ئێمە کە بەرپرسیارییەتییەکی سیاسی هەیە، نابێت هەرگیز خەڵکی لاوازی کۆمەڵگە لەبیر بکەین، کۆمەڵگە کاتێک بەهێزە کە خەمی خەڵکە لاوازەکەی خۆی بخوات و بەهانایانەوە بچێت. ئەمە بۆ هەموو وڵاتێک راستە و بۆ هەرێمی کوردستانیش دروستە، بە تایبەتی بۆ ئەو ئاوارانەی کە تووشی دەستدرێژی سێکسی بوونەتەوە و لە ئەنجامی ئەو دەستدرێژییە منداڵیان بووە و منداڵەکان باوکێکی راستەقینەیان نییە. ئەوە نەوەکو هەر لەلایەن خێزانەکانیانەوە قبووڵ ناکرێن، بەڵکو مافی هاووڵاتیبوونیشیان سنووردار کراوە. ئەومنداڵانە وەکو هەر منداڵێکی دیکەی ئەم جیهانە مرۆڤن و مافیان هەیە، بۆیە لەسەرمانە ژیانێکی شکۆمەندانەیان بۆ برەخسێنین." 
 
پێکەوەکارکردنی بەغدا و هەولێر
 
وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا لە بەردەوامیی قسەکانیدا لە کۆنگرە رۆژنامەڤانییەکەیدا لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان گوتی: "بۆ ئێمە لە ئەوروپا و لە ئەڵمانیا زۆر گرنگە کە وەبیر خۆمانی بهێنینەوە لە سەقامگیرکردنەوە و گەشەپێدانی ئابووری نابێ ئەوە نادیدە بگرین کە مەترسی داعش هێشتا سێبەری بەسەر هەرێمی کوردستانەوە ماوە و هێزەکانی هەرێمی کوردستانیش سەرقاڵی سنووردارکردنی ئەو مەترسییەن. هێزی دەرەکی و نێوخۆیی هەن کە دەیانەوێت خەڵکی لەیەک جیا بکەنەوە و ناسەقامگیری دروستبکەن و بەمەش گەشەی ئابووری و کۆمەڵایەتی دوابخەن. بۆیە زۆر گرنگە کە هەموو ئەو هێزانە کار بۆ ئاسایش و سەقامگیری دەکەن، بەیەکەوە کار بکەن." 
 
ئانالینا بێربۆک ئاماژەی بە پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا کرد و گوتی، دوێنێ لە بەغدا گوێبیستی ئەوە بووە کە هاوئاهەنگی و بەیەکەوە کارکردن لە نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق باشتر بووە؛ گوتیشی، بە کۆمەکی راوێژکاریی ئەوان لە ناتۆ و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش پێویستە ئەو بۆشاییانە پڕبکرێنەوە کە چەکدارانی داعش سوودیان لێ دەبینن.
 
وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا گوتی: "وەک لە بەغداش رامگەیاند، ئێمە بەردەوام دەبین لە پشتیوانیکردنتان بۆ رووبەڕووبوونەوەی داعش و تیرۆر؛ هاوکات پشتیوانتان دەبین بۆ سەقامگیری. زۆرێک لە پرۆژەکان بە هاوئاهەنگی لەگەڵ پێشمەرگە لە هەرێمی کوردستان جێبەجێدەکرێن و لە 2016 تا ساڵی 2022 ئەڵمانیا 50 ملیۆن یۆرۆی بۆ ئەم بوارە تەرخانکردووە. ئامانجی ئێمە ئەوەیە کە هێزەکانی ئاسایشی خۆجێیی، خۆیان بتوانن ئاسایش دەستەبەر بکەن. بۆیە راهێنان و پێگەیاندنیان بۆ ئێمە گرنگە." 
 
لە کۆنفرانسە رۆژنامەڤانییەکەدا، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان وێڕای بەخێرهاتنی وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا پیرۆزبایی 8ـی مارسی لێکرد؛ هەروەها بەنێوی خەڵکی هەرێمی کوردستانەوە سوپاسی ئەڵمانیای کرد بۆ بە جینۆسایدناساندنی کۆمەڵکوژی کوردانی ئێزدی لەلایەن پەرلەمانی ئەو وڵاتەوە.
 
مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوەکرد، گەورەترین رەوەندی کوردی لە دەرەوە لە ئەڵمانیایە و گوتیشی: "هاوکاری و پشتیوانی ئەڵمانیا لە شەڕی دژی داعش جێگەی پێزانینی هەموو خەڵکی هەرێمی کوردستانە؛ دوای ئەوەش لە رووی سەربازی و راهێنانی پێشمەرگەوە ئێوە هاوکارمان بوون." 
 
هاوئاهەنگی هەولێر و بەغدا لە بواری ئاسایش و وزە
 
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان باسی کۆبوونەوەکەی کرد و گوتی، باسی جیبەجێکردنی یاسا و روووبەڕووبوونەوەی تیرۆریان کردووە و گوتیشی: "داوام لێکردن زیاتر یارمەتی ئێمە بدەن. باسی شنگالمان کرد کە گرنگە خەڵکەکەی بە شکۆوە بگەڕێنەوە بۆ زێدی خۆیان و رێککەوتنی شنگال ببێتە بنەما بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی شنگال." 
 
پەیام سەربەست، پەیامنێری رووداو لە وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیای پرسی کە بۆشایی وزە لە ئەوروپا هەیە و ئایا هەرێمی کوردستان دەتوانێت هاوکار بێت بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە؟ لە وەڵامدا ئانالینا بێربۆک گوتی، لە ئەڵمانیا لەگەڵ حکومەتی عێراق کۆبوونەتەوە و باسیان لەوە کردووە کە هاوئاهەنگی لە نێوان بەغدا و هەولێر چەند گرنگە بۆ پرسی ئاسایش و وزە و گوتیشی: "لێرە باسمان لە پڕۆژەی هاوبەش کرد کە چۆن دەتوانین لە بابەتی وزەدا کاربکەین. ئێمە دەخوازین لە ئەوروپا و بەتایبەت لە ئەڵمانیا کە ئەزموونێکی وەها دروستبکەین کە تەنیا پشت بە دەرەوە یان وڵاتێک نەبەسترێت." 
 
وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا لە بەردەوامیی قسەکاندا باسی لەوەکرد کە ئەگەر ژن و منداڵ لە ئاسایشدا نەژین هیچ کۆمەڵگەیەک لە ئاسایشدا نابێت؛ گوتیشی: "لە شنگال کاری سەرەکیی ئێمە ئەوەیە کە چۆن بتوانین هاوکاری خەڵک بکەین لە ئاسایشدا بن. دەبێت ئاوارەکان بگەڕێنەوە زێدی خۆیان و ژیان لە خێوەتدا بۆ ماوەیەکی درێژ زەحمەتە. ئێمە بە بایەخەوە کار لەسەر ئەوە دەکەین کە ژمارەیەکی زۆری خەڵک پێویستییان بە پشتیوانیی دەروونییە. دەمانەوێت لەگەڵ زانکۆکانی ئێرەدا کاربکەین و پاشەڕۆژێکیان بۆ دروستبکەین." 
 
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کرد و گوتی، لەگەڵ ئەوەدان هەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا بکرێت و گوتی: "دەبوو ساڵی رابردوو مانگی 10 هەڵبژاردن بکرایە، بەڵام چەند حیزبێک ئامادەنەبوون بۆ هەڵبژاردن". گوتیشی: "ئێستا هیچ بیانوویەک نەماوە. بەگوێرەی یاسا دەبێت سەرۆکی هەرێمی کوردستان رۆژی هەڵبژاردن دیاری بکات و ئێمەش بە هەموو شێوەیەک پشتیوانی دەکەین."