پێنتاگۆن: لۆید ئۆستن لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی کۆبووەوە بۆ جەختکردنەوە لە هاوپەیمانی نێوان ئەمریکا و هەرێمی کوردستان


رووداو دیجیتاڵ 

وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا - پێنتاگۆن پاڵپشتی خۆی بۆ یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە دووپاتکردەوە و رۆڵی پێشمەرگەشی لە شەڕی دژی داعش "قارەمانانە" ناوبرد.
 
وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا لە راگەیێندراوێکدا باس لە سەردانەکەی لۆید ئۆستن، وەزیری بەرگریی ئەمریکا بۆ هەولێر و کۆبوونەوە لەگەڵ سەرۆک بارزانی و نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی هەرێمی کوردستان دەکات و پابەندبوونی ئەمریکاش بە سەقامگیری و خۆشگوزەرانی هەرێمی کوردستانەوە دووپاتدەکاتەوە.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، لۆید ئۆستن دەرفەتی هەبوو لەگەڵ سەرۆک بارزانی کۆببێتەوە و سوپاسگوزاریی ئەمریکا بۆ هەوڵەکانی پێشمەرگە لە شەڕی دژی داعش دووپاتبکاتەوە.
 
وەک پێنتاگۆن دەڵێت، لۆید ئۆستن هاوبەشی ئەمریکایشی بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی هەرێمی کوردستان دووپاتکردووەتەوە.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، وەزیری بەرگریی ئەمریکا بە نێچیرڤان بارزانی گوتووە کە "هێزەکانی ئەمریکا لەسەر داوای عێراق لێرەن بۆ هاریکاریکردنی هێزە ئەمنییەکانی عێراق و هێزەکانی پێشمەرگە و راوێژدان پێیان بۆ دڵنیابوون لە تێکشاندنی یەکجارەکی داعش." 
 
دوێنێ سێشەممە 7ی ئاداری 2023، لۆید ئۆستن سەردانی هەولێری کرد و لەگەڵ هەریەکە لە سەرۆک بارزانی و نێچیرڤان بارزانی کۆبووەوە. 
 
دەقی راگەیێندراوەکەی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا
 
لە هەولێر، لۆید ئۆستنی سێیەم، وەزیری بەرگری لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی پێشمەرگە کۆبووەوە بۆ جەختکردنەوە لە هاوبەشی ئەمریکا لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان. لۆید ئۆستن جەختی لە پابەندیی ئەمریکا بۆ سەقامگیری و خۆشگوزەرانی هەرێمی کوردستانی عێراق وەکو بەشێک لە عێراقی فیدراڵ کردەوە.
 
وەزیر ئۆستن سوپاسگوزاری دەربڕی لەبەرامبەر رۆڵی قارەمانانەی پێشمەرگە لە ئۆپەراسیۆنەکانی تێکشاندنی داعش. ئۆستن جەختی کردەوە کە هێزەکانی ئەمریکا لەسەر داوای حکومەتی عێراق لە عێراق دەمێننەوە بۆ راوێژدان، هاوکاریکردن و زیادکردنی تواناکانی هێزە ئەمنییەکانی عێراق، لەنێویاندا هێزەکانی پێشمەرگە بۆ دڵنیابوون لە تێکشاندنی یەکجارەکی داعش. 
 
هەردوولا گرنگی پابەندیی وەزارەتی پێشمەرگەیان بۆ بەرەوپێشبردنی یەکخستنەوە و بە پرۆفێشناڵکردنی هێزەکانی، بە پاڵپشتی ئەمریکا، دووپاتکردەوە، هەروەک لە یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن لەنێوان وەزارەتی بەرگری و حکومەتی هەرێمی کوردستان تیشکی خراوەتە سەر. هەردوولا گفتوگۆیان دەربارەی هەڕەشەکان بۆ سەر سەقامگیریی حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق کرد.
 
وەزیر ئۆستن دەرفەتی ئەوەشی هەبوو سەردانی مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان بکات بۆ دەربڕینی سوپاسگوزاری  بۆ هەوڵەکانی پێشمەرگە لە شەڕی دژی داعش و هەروەها بەرەوپێشچوون لەپێناو ئاسایش و سەقامگیری و خۆشگوزەرانی هەرێمی کوردستانی عێراق.