وەزیری خوێندنی باڵا لە زانکۆکانی سلێمانی و پۆلەتەکنیک پشووی راگەیاند

09-03-2023
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ
 
وەزیری خوێندنی باڵا رۆژی پێنجشەممەی وەکو پشوو لە زانکۆکانی سلێمانی و پۆلیتەکنیک راگەیاند. ئەوەش دوای ئەوەی پەروەردەکانی سلێمانی، هەڵەبجە و ئیدارەی گەرمیانیش لە ناوەندەکانی خوێندن پشوویان راگەیاند بەهۆی ناجێگیریی کەشوهەوا و ئەگەری دروستبوونی لافاو.
 

ئارام محەممەد، وەزیری خوێندنی باڵا بە رووداوی راگەیاند، رۆژی پێنجشەممە 09-03-2023 لە زانکۆکانی سلێمانی و زانکۆی پۆلەتەکنیک پشوو دەبێت و دەسەڵات دراوە بە زانکۆکانی دیکەش بەپێی بارودۆخی ناوچەکانیان بڕیار بدەن.

هەریەکە لە پەروەردەکانی سلێمانی و هەڵەبجە بەهۆی بارانبارینی بەردەوام و ئەگەری دروستبوونی لافاو رایانگەیاند، سبەی پێنجشەممە لە ناوەندکانی خوێندن پشووی فەرمییە. ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیانیش بەهۆی ناجێگیریی کەشوهەوا و مەترسیی دروستبوونی لافاوەوە هەمان بڕیاری دا.

لە بەیانیی رۆژی چوارشەممە، 08-03-2023ـەوە شەپۆلێکی بارانبارین پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیانی گرتووەتەوە و تاوەکو ئێستا بەردەوامە و بەگوێرەی پێشبینییەکانی کەشناسی، سبەی ئەگەری دروستبوونی لافاو هەیە.

بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی سلێمانی دەڵێت، "بۆ سەلامەتیی گیانی مامۆستایان و فەرمانبەران و قوتابیان و خوێندکاران لەسەر پێشنیاری وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن و بەڕێوەبەرایەتیی کەشناسی سلێمانی، سبەینێ پێنجشەممە لە گشت ناوەندەکانی خوێندنی حکومی و ناحکومی پشووی فەرمییە."

هاوکات ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، "بە پشتبەستن بە پێشبینیەکانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی هەرێم، بەهۆی رێژەی زۆری بارانبارین و مەترسییەکانی لافاو، سبەینێ پێنجشەممە 09-03-20223، لە سەرجەم ناوەندەکانی خوێندنی سنووری ئیدارەی گەرمیان پشوو دەبێت.

هاوکات پەروەردەی هەڵەبجە رایگەیاند، "لەسەر داوا و راسپاردەی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەڕێوەبەرایەتیی کەشناسیی پارێزگای سلێمانی، بەهۆی ناجێگیریی کەشوهەوا و پاراستنی سەلامەتیی گیانی مامۆستایان و قوتابیان و خوێندکارانمان، بریاردرا بە راگرتنی دەوامی سبەی رۆژی پێنجشەممە بەرواری 09-03-2023، لە سەرجەم ناوەندەکانی خوێندنی سنوری بەڕێوەبەرایەتیمان."

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە