ئەنجوومەنی ئاسایش لەبارەی دەستگیرکردنی چەند کەسێک لە سلێمانی: زیاتر بڕیارێکی حیزبی و تاکەکەسی بووە

08-03-2023
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان لەبارەی دەستگیرکردنی چەند کەسێک لە باخێکی سلێمانی روونکردنەوەیەک بڵاودەکاتەوە و دەڵێت، "ئەم پەلامارە هیچ پەیوەندییەکی بە یاسا و لایەنە فەرمییەکانەوە نەبووە" و دەشڵێت، "زیاتر بڕیارێکی حیزبی و تاکەکەسی بووە."
 
ئەمشەو چوارشەممە، 08-03-2023، ئاسایشی سلێمانی چەند کەسێکی لە باخێکدا لە سلێمانی دەستگیر کرد، دواتر نووسینگەی رۆژنامەڤانیی لاهوور شێخ جەنگی رایگەیاند، "هێزێکی چەکدار بەبێ فەرمانی دادوەر" چوونەتە سەر باخەکەی لاهوور شێخ جەنگی لە گوندی کێلە سپی لە شاری سلێمانی و دەڵێت: دوو ساڵە ئەو باخە بەکارنەهاتووە. 
 
هەر ئەمڕۆ و دوای چەند خولەکێک لە راگەیێندراوەکەی نووسینگەی لاهوور شێخ جەنگی، ئاسایشی سلێمانی لە روونکردنەوەیەکدا رایگەیاند، لەو شوێنە ژمارەیەک تۆمەتبار و داواکراویان دەستگیرکردووە و دەستیان بەسەر چەندین لوولەی بێدەنگی چەک و دەرمانی نایاسایی و چەکدا گرتووە.
 
ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان لە روونکردنەوەکەیدا لەبارەی رووداوەکە دەڵێت، "گرووپێکی ناو یەکێتیی نیشتمانی لە ئەنجامی کێشە ناوخۆییەکانی ناو حیزبەکەیان ئەمڕۆ چوارشەممە 2023/3/8 هەڵیانکوتاوەتە سەر باخێک لە گوندی کێلەسپی و چەند کەسێکیان دەستگیر کردووە". دەشڵێت، "ئەم پەلامارە هیچ پەیوەندییەکی بە یاسا و لایەنە فەرمییەکانەوە نەبووە و زیاتر بڕیارێکی حیزبی و تاکەکەسی بووە و ئەم جووڵەیە رێزنەگرتنە لە سەروەریی یاسا و دامەزراوە فەرمییەکانی هەرێمی کوردستان."
 
نووسینگەی رۆژنامەڤانیی لاهوور شێخ جەنگی لە روونکردنەوەکەیدا باسی لەوە کردووە کە "گرووپێکی لە یاسا دەرچوو لە رێگەی هێزێکی چەکدارەوە بە بێ فەرمانی دادوەر و بێ هیچ بیانوویەک هەڵیانکووتاوەتە سەر باخی بەڕێز لاهوور شێخ جەنگی لە گوندی کێلەسپی لە شاری سلێمانی، لە کاتێکدا ئەو باخە دوو ساڵە بەکار نەهاتووە و هیچ هێزێکیشی لێ نییە، تەنیا چەند کەسێک کە خەڵکی ئەو ناوچەیەن وەک کارگوزار و باخەوان کاریان کردووە."
 
نووسینگەی لاهوور شێخ جەنگی سەلامەتیی ژیانی ئەو کەسانەی لەو باخە کاریان کردووە دەخاتە ئەستۆی بافڵ تاڵەبانی و قوباد تاڵەبانی و دەڵێت: "هەموو رێکارێکی پێویست دەگرینەبەر دژی ئەو یاساشکێنییە، سەرۆکایەتیی هەرێم و حکومەتی هەرێمی کوردستان و دەسەڵاتی دادوەری و لایەنە پەیوەندیدارەکان و کۆنسوڵخانەی وڵاتان و دیپلۆماتکاران و نەتەوەیەکگرتووەکان لەم کارە مەترسیدارە ئاگادار دەکەینەوە کە لەسەر دەستی ئەو تاقمە لە سنووری پارێزگای سلێمانی دەستیپێکردووە و ئاسایش و ئارامیی هاووڵاتییان و کار و پیشەی کاسبکاران و جووڵەی بازرگانەکان خراوەتە مەترسییەوە."
 
چەند خولەکێکی کەم دوای راگەیێندراوەکەی نووسینگەی لاهوور شێخ جەنگی، بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی سلێمانی روونکردنەوەیەک و وێنەی شەش کەسی بڵاوکردەوە کە بە "تۆمەتبار" ناوی بردوون.
 
لە راگەیێندراوەکەی ئاسایشدا هاتووە: "دوای دەستکەوتنی زانیاری و بەڵگەی پێویست لەسەر چەند جێگە و باخێکی جیاواز لە سنووری سلێمانی کە کاری نایاسایی تێدادەکرێت و چەندین کەسی لە یاسا هەڵهاتووش خۆیان تێدا حەشارداوە، ‎پاش لێکۆڵینەوەی ورد، پاڵپشت بە یاسا و دەسەڵاتی دادوەری، بڕیاردرا سەرجەم ئەو باخ و شوێن و جێگایانەی کە بۆ مەرامی کاری نایاسایی، خراپەکاری و کۆکردنەوەی هێز لە دەرەوەی دامەزراوە فەرمییەكان بەکارهێنراوە دەستی بەسەردابگیرێت."
 
ئاسایشی سلێمانی دەڵێت، "دوای رەزامەندیی بەڕێز دادوەری تایبەتمەند هێزێکی هاوبەش لە هێزە ئەمنییەکان ئێوارەی رۆژی چوارشەممە، 8-3-2023، لە سنووری سلێمانی دەستیان بەسەر چەند باخێکدا گرت و دوای پشکنین و گرتنەبەری رێکاری یاسایی، دەست بەسەر چەندین لوولەی بێدەنگی چەک (کاتم سەوت)، دەرمانی نایاسایی و بەڵگە دروستکردنی هێزی نایاسایی لە دەرەوەی یاسا بەرکارەکانی هەرێمدا گیرا. هەروەها چەندین تۆمەتباریش دەستگیرکران کە بەشێکیان پێشتر لەلایەن دادگاوە داواکراو بوون." 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە