15ـیەمین پێشانگەی نێودەوڵەتیی کتێب لە هەولێر بە نمایشکردنی زیاتر لە ملیۆنێک ناونیشان کرایەوە

08-03-2023
بەهرۆز فەرەیدوون
پانزەیەمین پێشانگای نێودەوڵەتیی کتێب لە هەولێر
پانزەیەمین پێشانگای نێودەوڵەتیی کتێب لە هەولێر
نیشانەکردن پێشانگای کتێب
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

پانزەیەمین پێشانگای نێودەوڵەتیی کتێب لە هەولێر کرایەوە، کە ماوەی 10 رۆژ بەردەوام دەبێت و تێیدا زیاتر لە یەک ملیۆن ناونیشانی کتێب، نمایشکراون.
 
ئاڵا فوئاد، نووسەری کتێبی منداڵانە و دەڵێت هەوڵیداوە کتێبێکی جوان لەڕووی وێنە، دیزایین و بەمانا لەڕووی ناوەڕۆکەوە بنووسێت و، بیخاتە کتێبخانەی کوردییەوە، یەکەمجاریشە لەو پێشانگایە نمایشی دەکات.
 
ئاڵا دەڵێ "کتێب بە زمانی دیکە زۆرە. ئەو کتێبەم نووسیوە تاوەکو منداڵی کورد خۆی تێدا ببینێتەوە، چونکە کولتوورەکەی شوێن و پێگەی خۆی هەیە. بیرم لەوەش کردەوە چ شتێک کوردییە؟ کڵاش زۆر کوردییە".
 
پێشانگەکە لە یەکەم رۆژیدا جمەی هات لە خوێنەران، ئەوانەی تینووی ناونیشانی دڵخوازی خۆیانن. ئەوەندەش کتێبی لێ نمایشکراوە، رەنگە زیاتر لە رۆژێكت پێویست بێت تاوەکو بە دڵی خۆت بەنێو کتێبەکاندا بگەڕێیت.
 
بەهرە مەجید، قوتابییە و هاوشێوەی ژمارەیەکی زۆری نەوجەوانانی هاوتەمەنی هاتووەتە پێشانگاکە، دەڵێ "لەو تەمەنەی ئێمە، ئەگەر دەست بە خوێندنەوەی کتێب بکەین، بەڕاستی ئەوە سەرەتایەکی باش دەبێت بۆ داهاتوو".
 
ساوان سامان، قوتابییەکی دیکەی سەردانکەری پێشانگاکە دەڵێ "حەزم لێیە لەداهاتوودا ببمە باڵاپۆش، بۆیە ئەم کتێبەم کڕیوە".
 
18 وڵات، بە 350 کتێبخانە و وەشانخانە لە پێشانگاکەدا بەشدارن. وڵاتە جیاجیاکان پەرتووکە ئۆرجیناڵەکانیان لە پێشانگاکە نمایش کردووە و کڕیاری زۆریشیان هەیە.
 
کاژین ئیبراهیم، کارمەندی دەزگای ئەمازۆنی بەریتانی باسی ئەوە دەکات زۆرترین فرۆشیان هی کتێبە پزیشکییەکانە، یان ئەو کتێبانەی پەیوەندییان بە ئایتی و کۆمپیوتەرەوە هەیە، دواتر کتێبی دۆکیومێنتاری و کتێبی منداڵانیش فرۆشیان زۆرە.
 
پێشانگاکە، کە لە سەردەمی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆناوە نەکراوەتەوە ماوەی 10 رۆژ بەردەوام دەبێت. 43 دەزگای وەشانخانە لە هەرێمی کوردستانەوە تێیدا بەشدارن.
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە