وەزیری خوێندنی باڵا: دواى پشووى نەورۆز پرۆسەى پێشکێشکردن بۆ خوێندنى ماستەر و دکتۆرا دەستپێدەکات


رووداو دیجیتاڵ

وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی کوردستان رایدەگەیێنێت، دواى پشووى نەورۆز، پرۆسەى پێشکێشکردن بۆ خوێندنى باڵا (دیبلۆمى باڵا، ماستەر و دکتۆرا) لە زانکۆکانى هەرێمى کوردستان دەستپێدەکات.
 
ئەمڕۆ چوارشەممە، 08-03-2023، د. ئارام محەممەد قادر، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی کوردستان لە میانی بەشداریکردنی لە 12یەمین خولی دەرچووانی زانکۆی زاخۆ رایگەیاند، وەزارەتی خوێندنی باڵا لەسەر ئاستی نیشتمانی پڕۆژەی پەرەپێدانی پرۆگرامەکانی خوێندنی خستووەتە واری جێبەجێکردنەوە. 
 
وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، کار دەکەن بۆ ئەوەی نێوەڕۆکی پرۆگرامەکانی خوێندن ببەستنەوە بە پێداویستییەکانی بازاڕی کار و ئاراستەی گەشەکردنی ئابووریی هەرێمی کوردستان. دەشڵێت، "هەوڵ دەدەین رووپێویی زانستییانە و بەردەوامی بازاڕی کاری کوردستان بکەین و پرۆگرامەکانی خوێندن بە ئاراستەی پێداویستییەکانی بازاڕی کار دابڕێژینەوە، بۆ ئەمەش لە ئاییندەیەکى نزیکدا 70 مامۆستا لە تەواوى زانکۆکانى کوردستان بۆ ئەم رووپێوییە زانستییە ئامادە دەکرێت."
 
رۆژی 14-02-2023، وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، مانگی ئاداری ئەمساڵ پرۆسەى پێشکێشکردن بۆ خوێندنى ماستەر، دکتۆرا و دبلۆمى باڵا لە زانکۆ حکومییەکانی هەرێمی کوردستان دەستپێدەکات. 
 
وەزارەتی خوێندنی باڵا ئەوکات راشیگەیاند، "دواى تەواوبوونى ئامادەکارییەکان لە داهاتووییەکى نزیکدا قۆناخبەندیى پرۆسەى خوێندنى باڵا لە رووەکانى پلان و ژمارەى کورسییەکان و ماوەى پێشکەشکردن و کاتەکانى ئەنجامدانى تاقیکردنەوەى توانستى زانستى و راگەیاندنى ئەنجامەکان و دەستپێکردنى پرۆسەى خوێندن رادەگەیێندرێت."