تونێلی پێشڕەو لە سلێمانی دادەخرێت


رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی بەڕێوبەرایەتیی هاتووچۆی سلێمانی دەڵێت: "بە مەبەستی خاوێنکردنەوەی تونێلی پێشڕەو، رۆژی شەممە لە کاژێر 9:00ـی بەیانی تاوەکو 12:30 نیوەڕۆ، تونێلەکە دادەخرێت".
 
ئەمڕۆ سێشەممە، 8-3-2023، بەهمەن عەبدوڵڵا، گوتەبێژی بەڕێوبەرایەتیی هاتووچۆی سلێمانی بە تۆڕی میدیای رووداوی راگەیاند: بە مەبەستی پاککردنەوەی تونێلەکە بڕیاریاندا رۆژی شەممە بۆ ماوەی سێ کاژێر و نیو تونێلەکە بە رووی شۆفێراندا دابخەن، دواتر تونێلەکە دەکرێتەوە و شۆفێران دەتوانن هاتووچۆی پێدابکەن.
 
تونێلی پێشڕەو سلێمانی بە ناوچەی شارباژێر دەبەستێتەوە. درێژیی تونێلەکە دوو هەزار و 389 مەترە. هەشت مەتر و نیو پانە و حەوت مەتر و 65 سانتیمەتر بەرزە. 
 
تونێلەکە لە 27-4-2005ـەوە دەست بە کارەکانی کراوە و لە 2-7-2009 کرایەوە. ناونانی تونێلەکەش بە پێشڕەو، لەدوای مردنی ئەندازیاری سەرپەرشتیاری پڕۆژەکە دێت کە بەر لە کۆتاییھاتنی پڕۆژەکە گیانی لەدەستدا.