گالەری


رووداو دیجیتاڵ 

جەوهەر ئەنوەر، ئەکتەری بواری سینەما و شانۆیە و دانیشتووی شاری هەولێرە، ئەو بەشێک لە ماڵەکەی بۆ هۆگرانی هونەر و سینەما دەکات بە هۆڵی سینەما.
 
کاتێک سەردانی ماڵی ئەو هونەرمەندە تەمەن 65 ساڵە دەکەیت، چەندین وێنەی هونەرمەندانی بواری شانۆ و سینەمای کوردی و بیانیت بەرچاو دەکەون. هۆڵەکە شوێنی 68 کەسی تێدا دەبێتەوە، شاشەیەکی سێ بە شەش و سیستەمێکی هۆم سینەما لەخۆدەگرێت، 
 
کاژێر حەوتی ئێوارەی هەموو هەینییەک، ئەو هونەرمەندە دەرگە بەڕووی هۆگرانی فیلم بێ بەرامبەر واڵا دەکات.
 
جەوهەر ئەنوەر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لە حەفتاکانی سەدەی رابردوو لە هەولێر یەکەم کەس بووم کە سینەمای گەڕۆکم هەبووە، هەرجارە و لە شوێنێک سینەمام لە گەڕەکەکان دادەنا، تەنانەت لە دەشت و گوندەکان، تاوەکو ساڵی 1983 دواتر  دەستم بە رۆڵ بینین کرد لە رادیۆ و کەناڵی بەغداد، لە 1990 رووم لە هەندەران کرد و لە سوێد نیشتەجێبووم، لەو وڵاتە چوار ساڵ لە بواری هونەری خوێندم." 
 
ئەو هونەرمەندە ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: "ئامانجم لەم کارە بۆ ئەوەیە خۆشەویستی هونەر و سینەما بەردەوامی هەبێت، لەگەڵ ئەوەشدا نەوەی نوێ ئاشنا بە هونەر و سینەما بکەمەوە کە ساڵانێکە بەهۆی شەڕ و ناخۆشی دابڕاون و بۆشاییەکی زۆریشی دروستکردووە، ئێستا کاریگەرییەکەی دەبینین". 
 
جەوهەر ئەنوەر باسی لەوەش کرد، مۆڵەتی لە ‌وەزارەتی رۆشنبیری وەرگرتووە بۆ ئەوەی ماڵەکەی وەک کۆمەڵگەیەک و خانەیەکی هونەری لە خزەمەت ئەکتەر و هونەردۆستان دابینبکات. ئەو خانووەی ئێستا بەشێکی کردووەتە هۆڵی سینەما، هەمان ئەم خانووەیە کە لە گەڕەکی تەیراوەی شاری هەولێرە تێیدا لە دایکبووە.
 
لە بارەی درووستکردن و تێچووی هۆڵەکە، ئەو هونەرمەندە دەڵێت: "نزیکەی ساڵێکە ئەم هۆڵەم کردووەتەوە و تێچووەکەی نزیکەی 30 هەزار دۆلاری ئەمریکییە، لەڕووی ماددییەوە کەس هاوکاریی نەکردوومە، هەمووی لە سەر ئەرکی خۆم بووە".
 
رزگار ئەحمەد، ئەکتەر و دەرهێنەرە و بە 'نووری کیشمش' ناسراوە، بۆ یەکەمجار فیلمێکی بەناوی 'Noslagtic' لەو هۆڵە نیشاندا کە لە بەریتانیا بەرهەمهاتووە و پلانی ئەوەی هەیە لە شوێنی دیکەش نیشانی بدات.
 
رزگار ئەحمەد بە رووداوی راگەیاند، دەکرێت گەنجان سوود لەو شوێنە وەربگرن، چونکە نابێ تەنیا وەک هۆڵێکی سینەما سەیری بکرێت، هەروەها دەشڵێت، "هونەرمەندی بە ئەزموون هەن و دەتوانن وک ناوەندێکی رۆشنبیری هونەری هەژماری بکەین و گەنج بێن و لەم شوێنە پەرە بە هونەری خۆیان بدەن."
 
هونەرمەند سوهام حەسەن سەردانی ئەو شوێنەی کرد و بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "بەڕاستی سەرنجڕاكێشە و پڕ چێژە، دەبێت حکومەت و خەڵک پاڵپشتیی لەم هونەرمەندە بکەن، چونکە ماڵی خۆی بێبەرامبەر بۆ خزمەتی هونەرمەندان و خەڵک تەرخانکردووە".
 
جەوهەر ئەنوەر لە 1956 لە گەڕەکی تەیراوەی هەولێر لە دایکبووە، وەک ئەکتەر لە چەندین فیلم و بەرهەمی شانۆییدا بەشداربووە، لە 1991 دەچێتە سوێد و وەک دەرهێنەر و سیناریۆنووس کار دەکات، لە 2008  دەچێتە سەنتەری میدیای ڤارکستات بۆ دەرهێنەری تەلەفزیۆنی و چوار ساڵ دەخوێنێت، هەر لەو وڵاتە درێژە بە کارە هونەرییەکانی دەدات و لە فیلمێکی سینەمایی سوێدی بەشدار دەبێت و رۆڵی پەنابەرێک دەگێڕێت کە ئارەزووی گەڕانەوەی بۆ وڵاتەکەی دەکات.