قوباد تاڵەبانی: شەهید شیفا گەردی نموونەیەکە لە قوربانیدانی ژن
رووداو - سلێمانی
لە هۆڵی سینەما سالم رێکخراوی ژن مەگەزین، رێوڕەسمێکی بەبۆنەی 8ی مارس رێکخست و جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە رێوڕەسمەکەدا گوتی: "ئەو رووداوانەی لە سێ ساڵی رابردوودا بەهۆی شەڕی نەگریسی داعش بەسەرمانداهات، برینی گەورەی لە دڵدا دروستکردین، شەهید شیفا گەردی نموونەیەکە لە قوربانیدانی ژن".
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: "هەموو ساڵێک لەمڕۆژەدا هیوای کۆتاییهاتنی نەهامەتییەکانی ژن دەخوازین، لەدڵەوە هیواخوازم بتوانین بە کردار نەک تەنیا بە درووشم خەم و دەردەسەری ژنان لە کوردستان کەمبکەینەوە".
قوباد تاڵەبانی، ئاماژەی بەوەدا "ئەو رووداوانەی لە سێ ساڵی رابردوودا بەهۆی شەڕی نەگریسی داعش بەسەرمانداهات، برینی گەورەی لەدڵدا دروست کردین، یەکێک لە برینە ساڕێژ نەبووەکانیش ئەو کارەساتەبوو کە بەسەر کچان و خوشکەکانمان هات لە شنگال، ئەم شەڕە نەگریسە ئەگەر دیوێکی کارەساتباری بۆ ژنان و کچان لەخۆگرتبێت، دیوێکی دیکەی لووتکەی شانازی و نەبەردی ژنانی پیشاندا".
جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، تیشکی خستەسەر رۆڵی ژن لە شەڕی پاراستنی نیشتمان و ئەو قوربانیانەی داویانەو گوتی: "کاتێک پێشمەرگەیەک دەچووە شەڕ و سنگی دەنا بە فیشەکەوە، دڵنیابوو ژنێک هەیە وەک چیا لە پشتی و خەمی منداڵەکانی دەخوات، دایکێکی هەیە کە دەست بە دوعا هیوای بە سەلامەتی گەڕانەوەی بۆ دەخواست، خوشکێکی هەیە کە ورەو غیرەتی سەرکەوتنی پێدەبەخشێت، ئەمە جگە لەو پێشمەرگە ژنانەی کە بەشداربوون لە شەڕی پاراستنی نیشتمانەکەمان، کە بە خوێن و کردار ئازایەتی و نیشتمانپەروەری خۆیان سەلماند".
لەدرێژەی گوتەکانیدا قوباد تاڵەبانی، ئاماژەشی بە رۆڵی میدیاکاری کوردو رۆژنامەڤانی دیاری تۆری میدیایی رووداو، شیفا گەردی کرد، کە لەکاتی رووماڵی شەری موسڵ لە 25-2 شەهید بوو بە یەکێک لە نموونەکانی قوربانیدانی ژنی وەسفکرد و گوتی: "نەک تەنیا شەهیدی پێشمەرگەی ژنیشمان هەبوو، بەڵکو لێرە وێنەی شەهیدێکی دیکەشمان هەیە، کە شیفا گەردی بوو لەکاری پیشەیی خۆی کە رۆژنامەگەری بوو گیانی لەدەستدا".
قوباد تاڵەبانی، باسی لەو هەنگاوانەش کرد کە لە کوردستان نراون لە پێناوی پاراستنی مافی ژنان و ئافرەتان و دەڵێت: "لە کوردستان لەم ساڵانەی دواییدا چەند هەنگاوێکی گرنگمان ئەنجامدا لە پێناوی پاراستنی مافی ژن و ئافرەتان، وەک گۆڕینی یاساکان و کردنەوەی چەندین بەڕێوەبەرایەتی و هۆبە لە پێناو نەهێشتنی تووندوتیژی دژی ژنان، سەرباری ئامادەکردنی چەندین تیمی گەڕۆک بۆ لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون لە کەیسەکانی ژنان".
جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە، رێژەی تووندوتیژی دژی ژنان کەمیکردووەو دەڵێت: "ئەوەی دڵخۆشمان دەکات بەو هۆیانەوە، بێجگە لەو حاڵەتانەی کە تایبەتن بە کەمپەکانی ئاوارە، رێژەی تووندوتیژی لە هەموو بوارە جۆراوجۆرەکاندا دژی ژنان کەمیان کردووەتەوە، بەراوردی ئاماری دوو ساڵی رابردووش شاهێدی ئەم راستییە دەدات".
پێداچوونەوە؛ عومەر شایان