30 ساڵ بەسەر بۆمببارانی پیرانشار لەلایەن فڕۆکەکانی رژێمی بەعس تێدەپەڕێ


رووداو - رۆژهەڵاتی کوردستان

هەموو رۆژهەڵاتی کوردستان ئاسەواری شەڕی هەشت ساڵەی نێوان عێراق و ئێرانی بەسەرەوە دیارە. جگە لە سەردەشت، گوندی زەردەی کرماشان و ناوچە سنوورییەکانی پاوە، کە فڕۆکە شەڕکەرەکانی عێراق بۆمبی کیمیاوییان بەسەردا رژاندوون، زۆر ناوچەی دیکە بۆمبباران کراوە.

30 ساڵ پێش ئێستا، دوانیوەڕۆی رۆژی 17ی رەشەممەی 1363ی هەتاوی، شاری پیرانشار لەلایەن فڕۆکەکانی عێراقییەوە بۆمبباران کرا، کە بەهۆیەوە بەپێی ئامارە فەرمییەکان 90 کەس کوژران و بە دەیان کەسی دیکەش بریندار و کەمئەندام بوون.

پیرانشار لە 10 کیلۆمەتری سنووری حاجی ئۆمەران هەڵکەوتووە. لە دەورووبەری ئەو شارە سێ  بنکەی سەربازی گەورە هەڵکەوتوون. فڕۆکەکانی بەعس ئەگەرچی شەڕیان دژی حکومەتی ئێران دەکرد، بەڵام لەو بۆردوومانەدا خەڵکی مەدەنییان کردە ئامانج. بەگوتەی ئەو کەسانەی کە لە ماوەی شەڕی نێوان ئێران و عێراقدا لە ناوچە سنوورییەکان نیشتەجێبوون، فڕۆکەکانی بەعس لە هاتن و چوونیاندا، مزگێنی تاڵی بۆردومانیان بە دانیشتووانی ئەو ناوچانە دەدا و ئەگەر نەیانتوانیبا ئامانجەکانی خۆیان بپێکن، بۆمبەکانیان لەسەر خەڵک دەباراند.

قوربانیانی بۆمببارانی پیرانشار لەلایەن حکومەتی ئێرانەوە بە شەهید لە قەڵەمدراون. خەڵکیش بە شەهید و قوربانی بێتاوانیان دەزانن. بەرپرسانی شارەکەش هەموو ساڵێک یادی ئەو بۆمببارانە دەکەنەوە.

قوربانییەکی ئەو بۆمبارانە کە تێیدا چەندین کەسی نزیکی لەدەستداوە، دەڵێت ئەوان چاوەڕێ بوون دوای رووخانی رژێمی بەعس، حکومەتی تازەی عێراق، داوای لێبووردن لە خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان بکات و هەموو ئەو کەسانەش سزابدرێن کە دەستیان هەبووە لە کوشتنی خەڵکی مەدەنی و بێتاواندا، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ بەرپرسێکی بەعس بەو هۆکارە دادگایینەکراوە و تەنانەت لە دادگاییکردنی بەرپرسانی عێراقیشدا، ئاماژە بە کوژران و کیمیابارانکردنی خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان نەدراوە.

ئەگەرچی شەڕ کۆتاییهاتووە و حکومەتی بەعسیش نەماوە، بەڵام هێشتا چیرۆکی قوربانیبوونی خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان بەهۆی ئەو شەڕەوە نەبڕاوەتەوە. ساڵانە ژمارەیەکی زۆر لە دانیشتووانی بەتایبەت ناوچە سنوورییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بەهۆی تەقینەوەی مین و تەقەمەنییەکانی دیکەی بەجێماوی ئەو شەڕە دەبنە قوربانی.