ئاستی ئاوی بەنداوی دووکان بۆ کەمتر لە نیوەی توانای گلدانەوەی دابەزیوە

08-02-2025
پێشەوا بەختیار
دیمەنێکی بەنداوی دووکان. وێنە: رووداو
دیمەنێکی بەنداوی دووکان. وێنە: رووداو
A+ A-
 
رووداو - سلێمانی

بەنداوی دووکان ئەم ساڵ تاوەکو ئێستا ئاستی ئاوەکەی روو لە کەمبوونە. کەمبارانی و گلەدانەوەی ئاو لە وڵاتی ئێران، بەشێکن لەو هۆکارانەی ئاوی بەنداوەکە کەم دەکەنەوە.
 
بڕیار جەبار، خاوەنکاری گەشتیاری دەڵێت، "ئاوەکە پار زۆر زۆر بوو، بەڵام ئەم ساڵ زۆر کەمی کردووە و زەرەری لە هەمووان داوە."
 
دیمەنی سەرڕێژبوونی بەنداوی دووکان لە ساڵی 2019، دیمەنێکی هێندە جوان و گرنگە لای دووکانییەکان، لە بازاڕی شارەکە زۆرینەی دووکاندارەکان بە گەورەیی لەسەر دیوارەکانیان هەڵیان واسیوە، دابەزینی ئاستی ئاوی بەنداوەکە دڵگرانی کردوون، بەڵام دەڵێن لە بەزەیی خودا بێ هیوا نین و نزای بارانی زیاتر دەکەن.
 
دیار نەسرەدین، خاوەن چاییخانە گوتی، "بەهۆی وشکەساڵی و کەم بارانییەوە ئاوەکەی دووکان ئەم ساڵ کەمی کردووە، لەوانەیە لە 40% ببێت."
 
کامیل عەزیز، دانیشتووی دووکان ئاماژەی بەوە کرد، "هەندێک دوورگە دەرکەوتوون لەسەر دەریاچەکە، کە چەند ساڵێکە نەبیندراون."
 
هەرکات ئاستی ئاوی بەنداوەکان دادەبەزێت، زیانی بۆسەر زەوییە کشتوکاڵییەکان دەبێت، بە جۆرێک کە کەمبوونەوەی ئاوی بەنداوی دووکان کەرتی کشتوکاڵ و گەشتیاری تاوەکو تەق تەق، کەرکووک و خوارتریش زیانمەند دەبن.
 
کۆچەر جەمال، بەڕێوەبەری بەنداوی دووکان رایگەیاند، "ئاوی دووکان روو لە دابەزینە، ئێستا 28%مان هەیە، گەر کەم بەردەینەوە زیانی کشتوکاڵی هەیە، بەڵام کارەبا و ئاوی خواردنەوە وەکو ساڵانی دیکە ئیدامەی دەدەین، یەک یەکەی کارەبا ئیش دەکات."
 
بارینی هەر دڵۆپێک لە باران، هیوایەکی زیاتر بە خەڵک و لایەنی پەیوەندیداریش دەبەخشێت، بەوەی بەنداوی دووکان لە کەمبوونەوە بۆ زیادبوونی ئاستی ئاوەکەی رزگار بکات.
 
بەنداوی دووکان توانای گلدانەوەی بڕی 6.8 ملیار مەتر سێجا ئاوی هەیە، بەڵام ئێستا کەمتر لە 3 ملیار مەتر سێجا ئاوی تێدایە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە