پاسەوانی سنووری عێراق چەند خاڵێکی چاودێری لە سنووری زاخۆ دادەنێت

08-02-2025
مالیک محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

گوتەبێژی پاسەوانی سنووری عێراق دەڵێت، چەند خاڵێکی چاودێریی نوێ لە ناوچە سنوورییەکانی زاخۆ دادەنێن و کامێرا و ئامێری پێشکەوتوویان تێدا جێگیر دەکەن.
 
ئەمڕۆ شەممە، 8 شوباتی 2025، عەمید حەیدەر کەرخی، گوتەبێژی پاسەوانی سنووری عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "کار لەسەر دانانی چەند خاڵێکی نوێی چاودێری دەکەین لە سنوورەکانمان لەگەڵ تورکیا لە سنووری زاخۆ، ئەوەش بە مەبەستی رێگریکردن لە هەر جموجووڵێکی نەخوازراو". 
 
عەمید حەیدەر کەرخی دەڵێت: "بە وردی لێکۆڵینەوە لەسەر ژمارە و شوێنی دانانی ئەو خاڵە چاودێرییانە دەکەین. کامێرا و ئامێری پێشکەوتووی چاودێریشیان تێدا جێگیر دەکەین". 
 
گوتەبێژی پاسەوانی سنووری عێراق ئاماژە بەوەش دەکات کە "بەگوێرەی هەڵکەوتەی جوگرافیی ئەو ناوچانەی سنووری زاخۆ، پێویستمان بە دانانی کامێرای پێشکەوتووتر لە کامێرای ناوچە سنوورییەکانی دیکە دەبێت، چونکە زستانان لە زاخۆ بەفر و بارانێکی زۆر دەبارێت و کەشوهەواکەش ناجێگیرە."
 
24ـی کانوونی دووەمی ئەم ساڵ، لەنێوان گوندەکانی سۆریا و شیلان لە سنووری زاخۆ، دوو سەربازی پاسەوانی سنووری عێراق کوژران و یەکێکی دیکەش برینداربوو. 
 
میدیاکانی نزیک لە پەکەکە رەتیانکردەوە گەریلاکان دەستیان لەو هێرشەدا هەبووبێت، بەڵام وەزارەتی ناوخۆی عێراق گوتی، هێزەکانی پاسەوانی سنووری عێراق لە کاتی بەڕێوەبردنی ئەرکەکانیان بۆ پاراستنی هێڵی سنووریی عێراق – تورکیا لە سنووری ناحیەی باتیفای سەر بە زاخۆ لە پارێزگای دهۆک، لەلایەن گەریلاکانی پەکەکەوە تەقەیان لێکراوە.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە