هادی ئەکرەم: شاندێکی تەکنیکیی وەزارەتی دارایی بۆ کێشەی خانەنشینان دەچێتە بەغدا

08-02-2025
سۆلین حەمەدەمین
سۆلین حەمەدەمین
هادی ئەکرەم، بەڕێوەبەری جێبەجێکار لە بەڕێوەبەرایەتیی خانەنشینیی پێشمەرگە لە سلێمانی
هادی ئەکرەم، بەڕێوەبەری جێبەجێکار لە بەڕێوەبەرایەتیی خانەنشینیی پێشمەرگە لە سلێمانی
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

تاوەکو ئێستا چەند کێشەیەک سەبارەت بە هاوتاکردنی مووچەی خانەنشینان لە نێوان عێراق و هەرێمی کوردستان بە چارەسەرنەکراوی ماونەتەوە. بەرپرسێک لە بەڕێوەبەرایەتی خانەنشینیی پێشمەرگە دەڵێت، "ئەم هەفتەیە شاندێکی تەکنیکیی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان دەچێتە بەغدا."
 
لە مانگی تەممووزی پارەوە، یاسای خانەنشینیی یەکگرتوو لە هەرێمی کوردستان جێبەجێ کرا، بەڵام تاوەکو ئەم مانگە یاسای خانەنشینانی سەربازی جێبەجێ نەکرابوو.
 
ئەمڕۆ (شەممە، 8ـی شوباتی 2025) هادی ئەکرەم، بەڕێوەبەری جێبەجێکار لە بەڕێوەبەرایەتیی خانەنشینیی پێشمەرگە لە سلێمانی لە بووڵتەنی کاژێر 16:00 کە زانا کایانی پپێشکێشی کرد،  راگەیاند "کۆمەڵێک پرس لەنێوان عێراق و هەرێمی کوردستان هەن، کە تاوەکو ئێستا کێشەیان لەسەرە و چارەسەر نەکراون. وەکو چۆنیەتی هاوتاکردنی مووچەی خانەنشینانی پێشمەرگە، پێداچوونەوەی بودجە، رادەستکردنی 50٪ـی داهاتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان و چۆنیەتی جێبەجێکردنی ئەو رێککەوتنەی لەنێوانیاندا هەیە، بۆیە بڕیارە ئەم هەفتەیە شاندێکی تەکنیکیی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان بچێتە بەغدا."
 
لە نێو خانەنشینانی پێشمەرگە، کۆمەڵێک کێشە هەن. بەڕێوەبەری جێبەجێکار لە بەڕێوەبەرایەتیی خانەنشینیی پێشمەرگە لە سلێمانی دەڵێت، "هەندێک خاڵی دیکەش هەن کە وەزارەتی دارایی پێویستە لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگە چارەسەریان بکات وەک ئەو پێشمەرگە و پلەدارانەی لەسەر وەزارەتی پێشمەرگە خانەنشین بوون، کۆمەڵێک دەرماڵەیان هەیە وەک دەرماڵەی مەترسی و هاوسەر و منداڵ، کە لە یاسایی نوێی هاوتاوکراودا نییە. مووچەکانیان لە یەک-دوو ملیۆنەوە بۆ 800 – 700 هەزار کەم دەبێتەوە، بەشێکی زۆری پلەدارەکان ئەگەر خانەنشین بن، بەپێی یاسای نوێکە پێویستە مووچەی بنەڕەتی + 1٪ـی سەختی بژێوی + بڕوانەماکەنیان بۆ هەژمار بکرێت و بەم شێوەیە خانەنشین دەبن."
 
لەبارەی رای بەغدا لەسەر جێبەجێکردنی یاساکان، هادی ئەکرەم دەڵێت، "بەغدا دەڵێت یاسای ژمارە 9ـی هەمواری نوێی عێراق هەیە، دوای ئەوەی یاسای ژمارە 3ـی ساڵی 2010 بەسەریدا جێبەجێکرا، پشت دەبەسترێت بە مووچەی بنەڕەتی و پلەی بڕیارلێدراو، واتا بە هەر یاسایەک خانەنشین بووبێت، پێویستە بگەڕێتەوە بۆ یاسای ژمارە 9ـی هەمواری نوێی عێراق، (مووچەی بنەڕەتی جارانی ساڵانی خزمەت و جارانی دوو و نیو، دابەشبکرێت بەسەر 100دا) ئەوەی دەردەچێت، دەبێتە مووچەی سەرەکی، ئینجا بڕوانەمە و 1٪ـی سەختیی بژێوی دەچێتە سەر."
 
فەرمانبەران بە کۆمەڵێک یاسا خانەنشین بوون. ئەو بەرپرسەی بەڕێوەبەرایەتیی خانەنشینیی پێشمەرگە گوتی، "ئەو فەرمانبەرانەی بەپێی یاسای 38ـی پیش ساڵی 2014 خانەنشین بوون، ئەوانەی لە وەزارەتی پێشمەرگە خانەنشین بوون و ئەوانەی بە شێوازی ئێستا خانەنشین دەبن و خانەنشینانی سەربازیش کە بە یاسایی ژمارە 3ـی خانەنشین دەبن، هەموویان دەبێت بگەڕێنەوە سەر یاسای ژمارە 9ـی هەمواری نوێی عێراق."
 
22-1-2025، وەزارەتی دارایی لە نووسراوێکدا بڕیاری نوێی لەبارەی تەمەنی خانەنشینبوونەوە دەرکرد، کە بەپێی خاڵی سێیەمی نووسراوەکەی وەزارەتی دارایی، تەمەنی خانەنشینیی یاسایی بۆ بەشێکی فەرمانبەران دەبێتە 65 ساڵ، لەوانە ئەو فەرمانبەرەی کەسوکاری پلە یەک و پلە دووی ئەو شەهیدانەن و ئەو فەرمانبەرانەی یاسای ئیمتیازاتی زیندانیکراو و راگیراوی سیاسیی کوردستانن.
 
بەڕێوەبەری جێبەجێکار لە بەڕێوەبەرایەتیی خانەنشینیی پێشمەرگە لە سلێمانی گوتیشی "زیاتر لە 10 هەزار فەرمانبەر لە کەسوکاری شەهیدان و زیندانیانی سیاسی چارەنووسیان دیاری نییە و، تاوەکو ئێستا مووچەی مانگی کانوونی دووەمی ساڵی 2025ـیان وەرنەگرتووە."
 
بەپێی یاسایی ژمارە 9ـی ساڵی 2014ـی هەموارکراو، کەسوکاری پلە یەک و دووی شەهیدان و زیندانییە سیاسییەکان، خانەنشینبوون ناینگرێتەوە تاوەکو تەمەنی 65 ساڵی. 
 
هادی ئەکرەم دەڵێت، "ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاریدا کەسوکاری شەهیدان و زیندانییە سیاسییەکان ئەم یاسایەیان لەسەر جێبەجێ دەبێت و تاوەکو 65 ساڵی خانەنشین نابن، بۆ زیاتر دڵنیابوون لە 1-15، ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاریدا کەسوکاری شەهیدان و زیندانییە سیاسییەکان ئەم یاسایەیان بەسەردا جێبەجێ دەکرێت، دواتر بە بڕیاری ژمارە 605 لە 22ـی کانوونی دووەمی 2025، وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان ئەم نووسراوەی گشتاندووە بۆ هەموو فەرمانگەکان، رۆژێک دوای ئەوە؛ دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران وەڵامی دەزگای شەهیدانی داوەتەوە، کە هەموویان ئەم یاسایەیان بەسەردا جێبەجێ دەکرێت و تاوەکو 65 ساڵی خانەنشین نابن، لە ماوەی دوو رۆژدا هەموو فەرمانگەکان راسپێردراون فەرمانبەراکانیان دەگرێتەوە، کە زیاتر لە 10 هەزار کەسن و زانیارییەکانیان لە رێگەی ئۆنلاینەوە بنێرن."
 
ئەو بەرپرسەی بەڕێوەبەرایەتیی خانەنشینی پێشمەرگە لە سلێمانی گوتی، "ئەوەی جێگەی سەرنجە ئەوەیە؛ ئەگەر ئەوان ئەو یاسایە بیانگرێتەوە، بۆچی لە لیستی مووچەی مانگی 1 لابراون؟ ئەگەر درێژکردنەوە دەیانگرێتەوە، بۆ بە رێنمایی ئاگادار نەکراونەتەوە؟ ئەگەر عێراق ناوی ئەو کەسانەی لابردووە، بۆچی وەزارەتی دارایی ئاماژە بەوە نادات، کە کەسەوکاری پلە یەک و دووی شەهیدان و زیندانییانی سیاسین؟"
 
لەبارەی چارەسەری ئەو 10 هەزار کەسە، هادی ئەکرەم دەڵێت، "پێویستە وەزارەتی دارایی و ئەنجوومەنی شەهیدان کۆمەڵێک رێکار دەربکەن، ئەگەر ئەوان یاسای درێژکردنەوەی کاتی خانەنشینی نایانگرێتەوە، دەبێت فایلەکانیان بۆ خانەنشیان بنێرن، هەرچەندە دەڵێ بەپێی یاسای نوێ و هەموارکراوی عێراقی ساڵی 2019 دەیانگرێتەوە. ئەگەر دەشڵێن نایانگرێتەوە پێویستە کەسوکاری شەهیدان بڕۆنە دادگەی فیدراڵی تاوەکو بەزووترین کات بۆیان یەکلاییبکاتەوە."
 
بەگوتەی ئەو بەرپرسەی بەڕێوەبەرایەتیی خانەنشینیی پێشمەرگە لە سلێمانی، "چارەسەری ئەو 10 هەزار کەسە لە هەرێمی کوردستانە، چونکە لە بەغدا بڕیاری لێدراوە کە 5 ساڵی داوە بەو کەسانە، بۆیە کێشەکە لەلای وەزارەتی داراییە، چونکە ئەنجوومەنی وەزیران نووسراوی بۆ وەزارەتی دارایی ناردووە و وەزارەتی داراییش نووسراوەکەی گشتاندووە، کەواتە کەسوکاری شەهیدان و زیندانییە سیاسییەکان دەگرێتەوە، ئەگەریش جێبەجێ ناکرێت؛ دەبێت رێنمایی بۆ ئەو فەرمانبەرانە دەربکرێت و بکرێنە لیستی مووچەوە، یاخود وەزارەتی دارایی دەتوانێت لیستێکی جیای تایبەت بە ئەوان ئامادە بکات بۆ مووچەکانیان."
 
لە هەرێمی کوردستان، نزیکەی 170 هەزار خانەنشینی مەدەنی و 80 هەزار خانەنشینی سەربازی هەن، ئەمە وێڕای ئەو 25 هەزارەی کە تازە خانەنشین دەبن. تاوەکو ئێستاش خانەنشینانی سەربازی مووچەیان بە هاوتاکراوی وەرنەگرتووە.

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە