رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری پەروەردەی سلێمانی دەڵێت، بەهۆی ناجێگیریی کەشوهەواوە، سبەینێ لە سەرجەم ناوەندەکانی خوێندن لە سنوورەکە پشووە. هەڵەبجە و رانیەش کردیان بە پشوو.
ئەمڕۆ شەممە، 08-01-2025، نەژاد عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری پەروەردەی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند، راگەیاندنی ئەو پشووە "لەپێناو پاراستنی سەلامەتیی گیانی قوتابییان و خوێندکاران و مامۆستایان لە سەرجەم قوتابخانە و خوێندنگە ناحکومییەکانی سنووری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیمانە".
ئەمڕۆ شەپۆلێکی بەفربارین بەشێکی سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجەی گرتەوە و پلەکانی گەرما دابەزین.
بەڕێوەبەری پەروەردەی سلێمانی دەڵێت، "بەڕێوەبەری پەروەردەکانی سنووری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیمان سەرپشک کراون بە هەماهەنگی لەگەڵ سەرۆکی یەکە ئیدارییەکانیان بۆ بڕیاردان بەپێی بارودۆخی کەشوهەوای سنوورەکانیان سەبارەت بە پشووی سبەی."
پەروەردەی هەڵەبجە لەبارەی پشووی سبەینێ رایگەیاند، "بە پشتبەستن بە پێشبینییەکانى دامەزراوەى کەشناسى و بوومەلەرزەى هەرێمى کوردستان و نالەباریى کەشوهەواى ناوچە جیا جیاکانى کوردستان و بەفربارین و سەرما، پاش راوێژ لەگەڵ پارێزگاری هەڵەبجە، لەپێناو پاراستنى سەلامەتیى گیانى خوێندکاران و قوتابیان و مامۆستایان، سبەینێ لە سەرجەم باخچە و قوتابخانە و خوێندنگاکانی سنووری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیمان پشووی فەرمییە".
پەروەردەی رانیەش کردی بە پشوو و، دەڵێت، "سەرجەم ناوەندەکانی خوێندن لە سنوری پەروەردەی رانیە (حکومی و ناحکومی) ئاگادار دەکەینەوە، سبەی یەکشەممە، 9/2/2025 پشووی فەرمییە و دەوام نییە".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ