رووداو دیجیتاڵ
لە هەرێمی کوردستان پەرە بە بەرهەمهێنانی کارەبا دەدرێت لەڕێگەی پشتبەستن بە وزەی خۆر. گوتەبێژی وەزارەتی کارەبا دەڵێت، "لە هەموو پارێزگەکان کارەبا لە تیشکی خۆر بەرهەمدەهێنین و لە هەولێر بەردی بناخەی بۆ دانراوە."
رۆژی شەممە، 8ـی شوباتی 2025، ئومێد ئەحمەد، گوتەبێژی وەزارەتی کارەبا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "پلان وایە؛ کار لەسەر پەرەپێدانی بەرهەمهێنانی کارەبا بکەین لە رێگەی تیشکی خۆرەوە و، لە هەموو پارێزگەکانی هەرێمی کوردستان، شوێنی تایبەتی بۆ دابین دەکرێت."
گوتەبێژی وەزارەتی کارەبا گوتی، "بەگشتی هەر پارێزگایەک توانای هەیە 100 مێگاوات کارەبا بە وزەی خۆر بەرهەمبهێنێت، بەڵام بەهۆی وەرزی زستان و باران، تەنیا 25 مێگاوات بەرهەمدەهێنێت."
لە هەولێر، شوێنەکەی دیاری کراوە و بەردی بناخەی بۆ دانراوە.
گوتەبێژی وەزارەتی کارەبا دەڵێت، "18ـی ئایاری 2023، بەردی بناخەی دانرا، توانای بەرهەمهێنانی ئەو وێستگەیە 25 مێگاواتە و ژمارەیەکی زۆر پەنەڵ لەخۆ دەگرێت و دەکەوێتە گوندی منارەی نزیکی هەولێر. وێستگەکە ژینگەدۆستە و ئەو کارەبایەی بەرهەمی دەهێنێت، بە تۆڕی کارەبای نیشتمانی دەبەسترێتەوە."
گوژمەی پڕۆژەکە، 100 ملیۆن دۆلارە و رووبەرەکەی 590 دۆنم زەوییە، لە داهاتوودا دەست بە کارکردن دەکات.
لەبارەی پارێزگای سلێمانی و دهۆک، ئومێد ئەحمەد دەڵێت، "هێشتا شوێنی بۆ دیاری نەکراوە، هەر کە شوێنی بۆ دیاریکرا، بەردی بناخەی دادەنرێت."
ئومێد ئەحمەد گوتی، "ناتوانین یارمەتیی مادی ئەو کەسانە بدەین، کە كارەبای سیستمی وزەی خۆر دادەنێن، بەڵام هەر هاوبەشێكی كارەبا سیستمی وزەی خۆر دابنێت، ئەو بڕە كارەبایەی دەگەڕێتەوە بۆ نێو تۆڕی كارەبای نیشتمانی، مانگانە بە شێوەی (مەقاسە) لە خەرجیی كارەبا نیشتمانییەکەی دەردەكرێت."
لەبارەی بەرهەمهێنانی کارەبا بە پشتبەستن بە با، ئومێد ئەحمەد دەڵێت، "وڵاتی ئێمە وزیەکی جێگیری بای نییە، چونکە ئێمە وڵاتێکی دەریایی نین و هەموو کات بامان نییە، بۆیە ناتوانین پشتی پێ ببەستین."
هەرێمی کوردستان پێویستی بە زیاتر لە 6 هەزار و 500 مێگاواتە، لە کاتێکدا 3,500 مێگاوات کارەبا بەرهەم دەهێندرێت. لەو بارەیەوە گوتەبێژی وەزارەتی کارەبا دەڵێت، "بەرهەمهێنانی کارەبا لە وزەی خۆر، کاریگەریی زۆر باشی لەسەر زیادکردنی کارەبا دەبێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ