رووداو دیجیتاڵ
دادگەی تێهەڵچوونەوەی کەرکووک، سێ لیژنەی بۆ جێبەجێکردنی مادەکانی یاسای لێبووردنی گشتی پێکهێنا. هاوپەیمانیی عەزم ئەوە بە هەنگاوێکی "ئەرێنی و باش" ناودەبات و دەڵێت، لەو رێگەیەوە دادپەوەری بەدی دێت.
دادگەی تێهەڵچوونەوەی کەرکووک، رۆژی 03-02-2025 بە ژمارە 791 فەرمانی کارگێڕیی دەرکردووە، کە وێنەیەکی دەست تۆڕی میدیایی رووداو کەوتووە.
فەرمانەکە پشتبەستووە بە راگەیێندراوی ئەنجوومەنی دادوەریی عێراق و رێنماییەکانی جێبەجێکردنی یاسای دووەمی هەمواری یاسای لێبووردنی گشتی و مادەی (3/ نۆیەم) لە یاسای ئەنجوومەنی باڵای دادوەری ژمارە (45)ی ساڵی 2017.
عەزام حەمەدانی، گوتەبێژی هاوپەیمانیی عەزم لە کەرکووک، ئەمڕۆ 08-02-2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "متمانەیەکی زۆرمان بە دامەزراوەیی دادوەریی عێراق هەیە کە لێڤەگەڕی باڵای دەستووری وڵاتە".
عەزام حەمەدانی دەڵێت: "ئەنجوومەنی باڵای دادوەری بڕیاری جێبەجێکردنی یاسای لێبووردنی گشتی داوە. خەڵکی بێتاوان و ستەمدیدە هەن کە بە زۆر دانپێدانانیان لێوەرگیراوە یان لە رێگەی هەواڵدەری نهێنی، دەستگیرکراون و سزدراون".
گوتەبێژەکەی هاوپەیمانیی عەزم گوتی، لە رێگەی لیژنەی پێکهێندراوەوە لێکۆڵینەوە لە کەیسی ئەو کەسانە دەکرێتەوە. بۆیە هەنگاوەکەی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری "ئەرێنی و باشە و، دادپەوەریی مرۆیی بەدیدێت."
4ـى شوبات، دادگەى باڵاى فیدراڵى لەسەر بنەماى 5 سکاڵا، بڕیارێکى دەرکرد بۆ راگرتنى کارکردن بە یاساکانی گەڕانەوەی زەویوزار بۆ خاوەنە رەسەنەکانیان، لێبووردنی گشتی و باری کەسی، تاوەکو ئەوکاتەى سکاڵاکان یەکلایی دەبنەوە.
رۆژێک دواتر، ئەنجوومەنى باڵاى دادوەرى کۆبووەوە و دژى ئەو بڕیارە وەستایەوە و، بە "نایاسایی" ناویبرد.
بەگوێرەی نووسراوەکە، دادگای تێهەڵچوونەوەی کەرکووک بڕیاری پێکهێنانی سێ لیژنەی بەم شێوەیە داوە:
یەکەم: لیژنەی ناوەندیی یەکەم لە کەرکووک لەمانە پێکهاتووە:
1- دادوەر ئیبراهیم حوسێن ئیبراهیم، سەرۆک و سەرۆکی دادگای تێهەڵچوونەوە.
2- دادوەر یوسف تەڵعەت عیزەت، جێگری سەرۆکی دادگای تێهەڵچوونەوە، ئەندام و سەرۆکی یەدەگ.
3- دادوەر عومەر ئەکرەم حەسەن، ئەندام
4- دادوەر عەلی عەسکەر واحید، ئەندامی یەدەگی یەکەم.
5- دادوەر ئەیاد عەلی ئەسعەد، ئەندامی یەدەگی دووەم.
6- دادوەر غانم عەبد ساڵح، ئەندامی یەدەگی سێیەم.
7- دادوەر خالد محەممەد عەلی، نوێنەری داواکاری گشتی لە لیژنەکەدا
ئەم لیژنەیە تایبەتە بە وردبوونەوە لەوەی؛ سزادراوان تاوەکو چ رادەیەکە لێبووردنەکە دەیانگرێتەوە، کە لە دادگەکانی تاوانەکان لە کەرکووک و دادگای تێهەڵچوونەوەی دووەم و دادگەی کەتن لە کەرکووک، سزایان بۆ دەرچووە.
بڕیارەکانی ئەم لیژنەیە جێبەجێ ناکرێن، تاوەکو پلەی کۆتایی وەرنەگرن.
دووەم: لیژنەی ناوەندی دووەم لە کەرکووک بۆ پێداچوونەوە بە دۆسییەکان لەم دادوەرانە پێکهاتووە:
1- دادوەر سەباح مەجید محەممەد، سەرۆک و سەرۆکی دادگەی تێهەڵچوونەوە.
2- دادوەر عەباس قاسم مەهدی، جێگری سەرۆکی دادگەی تێهەڵچوونەوە، ئەندام و سەرۆکی یەدەگ.
3- دادوەر عاسم عومەر محەممەد، ئەندام.
4- دادوەر شەلال شکور سەمین، ئەندامی یەدەگی یەکەم.
5- دادوەر محەممەد سوباح رەشید، ئەندامی یەدەگی دووەم.
7- دادوەر عەلی شاکر سەعید، ئەندامی یەدەگی سێیەم.
دادوەر ئەحمەد قاسم محەممەد، نوێنەری داواکاری گشتی لە لیژنەکەدا.
ئەم لیژنەیە تایبەتە بە سەیرکردنی ئەو حوکمانەی دادگەکانی تاوانەکان لە کەرکووک/ دەستەی یەکەم و دادگەکانی ئاسایشی ناوخۆیی یان سەربازی لە سنووری دەسەڵاتی دادگەی تێهەڵچوونەوە، دەریان کردوون.
بڕیارەکانی ئەم لیژنەیە جێبەجێ ناکرێن تاوەکو پلەی کۆتایی وەرنەگرن.
سێیەم: لیژنەی ناوەندی سێیەمی کەرکووک بۆ پێداچوونەوە بە دۆسییەکان لەم دادوەرانە پێکهاتووە:
1- دادوەر عومەر حەمید مەجید، سەرۆک و سەرۆکی دادگای تێهەڵچوونەوە.
2- دادوەر ئەیوب سدیق ساڵح، جێگری سەرۆکی دادگای تێهەڵچوونەوە، سەرۆکی یەدەگ.
3- دادوەر نیهایەت موحسین شاکە، ئەندام
4- دادوەر عەلی حوسێن مەحمود، ئەندام
5- دادوەر عومەر یەلماز ئیبراهیم، ئەندامی یەدەگی یەکەم.
6- دادوەر سەرمەد فاروق کامل، ئەندامی یەدەگی دووەم.
7- دادوەر لوئەی موئەیەد شەویش، ئەندامی یەدەگی سێیەم
دادوەر هەراز عەلی حەیدەر، نوێنەری داواکاری گشتی لە لیژنەکەدا.
ئەم لیژنەیە تایبەتە بە سەیرکردنی ئەو حوکمانەی لە دادگەکانی سزادانی تاوانەکانەوە دەرچوون، کە داوای سەیرکردنەوە یان دادگاییکردنەوەیان تێدایە، پاشان پلەی کۆتایی وەرگرتبێت یان لە وردبینیی دادگەی تێهەڵچوونەوە بێت.
بڕیارەکانی ئەم لیژنەیە جێبەجێ ناکرێن تاوەکو پلەی کۆتایی وەرنەگرن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ