کۆچبەرانی ئەفغانستان لە کرماشان دەردەکرێن

رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەرایەتی کاروباری پەنابەران و کۆچبەرانی پارێزگای کرماشانی رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند، بەمەبەستی کۆکردنەوەی کۆچبەرانی ئەفغانستانی و دەرکردنیان لەو پارێزگایە، پلانێکی نوێیان ئامادە کردووە. 
 
حەمزە سلێمانی، بەڕێوەبەری کاروباری پەنابەران و کۆچبەرانی پارێزگەی کرماشان رۆژی چوارشەممە 07-02-2024 رایگەیاند "بەپێی نووسراوی وەزارەتی ناوخۆ و سیاسەتی رێکخراوی نیشتیمانیی کۆچبەری کە بۆ بەڕێوەبەرایەتیی کاروباری پەنابەران و کۆچبەرانی پارێزگەی کرماشان نێردراون، هەموو جۆرە کارکردن و کارپێکردنی خەڵکانی بیانی نایاسایی لە کارگە بەرهەمهێنەرەکان و یەکە خزمەتگوزارییەکانی سنووری ئەو پارێزگایە، قەدەخە و نایاساییە."
 
بەگوتەی سلێمانی، بەمەبەستی کۆکردنەوەی کۆچبەرانی ئەفغانستانی و دەرکردنیان لە پارێزگەی کرماشان، پلانێکی نۆی ئامادە کراوە و لەو چوارچێوەیەدا کۆمیتەیەکی تایبەتمەند پێکهێنراوە، کە ئەرکی چاودێریکردنی کەسە بیانییەکانە لە سنووری ئەو پارێزگایەدا. دەشڵێت، تائێستا ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکانی بیانی کە بە نایاسایی هاتبوونە پارێزگەی کرماشان، لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیر کران و لەو پارێزگایە دەرکراون.
 
ئەو بەرپرسە ئاماژە بە رێژەی بەرزی بێکاری لە سنووری پارێزگەی کرماشان دەکات و هۆشداریش دەداتە خاوەنکارانی پارێزگەکە کە نابێت بەهیچ شێوەیەک لە کارگەکان و شوێنی دیکە دەرفەتی کار یان شوێنی مانەوە بۆ کۆچبەرانی ئەفغانستان دابین بکرێت. 
 
حەمزە سلێمانی دەڵێت "بەپێچەوانەوە ئەو کەسانەی بڕیارەکە پێشێل دەکەن و کار دەدەنە کۆچبەرە نایاساییەکان، رادەستی لایەنی پەیوەندیدار دەکرێن، رێکاری یاساییان بەرامبەر دەگیرێتەبەر و بە تووندی سزا دەدرێن."
 
حەمیدڕەزا کەریمی، داواکاری گشتیی پارێزگەی کرماشانیش دوێنێ رایگەیاندبوو، چەند هاووڵاتییەکی ئەفغانستانیان دەستگیر کردووە، کە لەو پارێزگەیەدا مادەی هۆشبەریان فرۆشتووە.
 
کەریمی گوتبووی "بەمدواییانە قۆناخێکی دیکەی دەستگیرکردن و دەرکردنی بیانییەکان لە پارێزگەی کرماشان بەڕێوەچوو و ژمارەیەک خەڵکی بیانی بێ مۆڵەت دەستگیرکراون، کە لەنێو دەستگیرکراوەکاندا ژمارەیەک هاووڵاتی ئەفغانستانیش هەن، ئەوان لە کارگەکان، یەکە کشتوکاڵییەکان و گوڵخانەکاندا کاریان دەکرد. هەروەها ژمارەیەک لەو کەسانەش کە دەستگیر کراون، مادەی هۆشبەریان فرۆشتووە."
 
کارکردن و نیشتەجێبوونی هاوڵاتییانی ئەفغان لە پارێزگاکانی رۆژهەڵاتی کوردستان قەدەخەیە.
 
حکومەتی ئێران هاتنی هاووڵاتیانی ئەفغانستانی بۆ ئەو پارێزگایانە قەدەخە کردووە کە کێشەی ئابوورییان هەیە و ژمارەیەکی زۆری دانیشتووانەکانیان بێکارن. هۆشداریش بە کارگە و خاوەن کارەکانیش دراوە ئەگەر کار بەو کەسانە بدەن، سزا دەدرێن.
 
ناوەندی ئاماری ئێران لە دوایین راپۆرتیدا دەڵێت، رێژەی بێکاری لە پارێزگەی کرماشان زیاتر لە 11٪ـە، کە بەراورد بە ساڵی رابڕدوو بە رێژەی 1.7٪ کەمی کردووە. بەپێی ئاماری فەرمیی حکومەتی ئێران، لە سنووری پارێزگەی کرماشان، زیاتر لە 98 هەزار کەس بێکارن، کە لەو ژمارەیە زیاتر لە 38 هەزار کەسیان بڕوانامەی زانکۆیان هەیە.