مەزڵووم عەبدی: دڵنیاییمان وەرگرتووە کە سەربازانی ئەمریکا لە رۆژئاوای کوردستان دەمێننەوە

 
رووداو دیجیتاڵ 
 
فەرماندەی هێزەکانی سووریای دیموکرات - هەسەدە لەبارەی دەنگۆی جێهێشتنی ناوچەکانیان لەلایەن سوپای ئەمریکاوە رایگەیاند،  دڵنیاییان لە بەرپرسانی باڵای حکومەتی ئەمریکا وەرگرتووە کە سەربازانیان لە رۆژئاوای کوردستان لە ئەرکەکەیان بەردەوام دەبن. 
 
رۆژی پێنجشەممە، 8-2-2024، مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات - هەسەدە رایگەیاند: "دڵنیاییمان لە بەرپرسانی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، کۆشکی سپی و وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا وەرگرتووە کە سەربازانیان لە رۆژئاوای کوردستان لە ئەرکەکانیان بەردەوام دەبن." بەڵام دەشڵێت، لە داهاتوودا ئەگەری کشانەوەی سەربازانی ئەمریکا دەبێت و ئەوان بۆ "تاهەتایە لێرە [رۆژئاوای کوردستان] نامێننەوە."
 
فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات - هەسەدە ئاماژەی بەوەش کرد، "ئەگەر سەربازانی ئەمریکا رۆژئاوای کوردستان جێبهێڵن، ئەو مەترسییانەی هێزەکانیان رووبەڕووی دەبنەوە کە لەلایەن هەریەک لە گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران، داعش و تورکیاوە دەکرێنە سەریان چەند هێندە دەبن؛ ئەمە لە کاتێکدایە تورکیا هێزەکانی سووریای دیموکرات بە بەشێک لە یەکینەکانی پاراستنی گەل دادەنێت کە لەلایەن ئەنقەرەوە بە رێکخراوێکی تیرۆریستی هەژمار دەکرێت." 
 
عەبدی زیاتر لەبارەی ئەگەری کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا دوا و گوتی، "ئەگەر هێزەکانی ئەمریکا بکشێنەوە، ئەوا پەنا دەبەنە بەر بەکارهێنانی پلانی دیکە، بەجۆرێک لەگەڵ بەرژەوەندییەکانی هاونیشتمانیان و ناوچەکە بگونجێت." 
 
لەبارەی ئەو هێرشانەی دەکرێنە سەر بنکەکانی سوپای ئەمریکا لە رۆژئاوای کوردستان، مەزڵووم عەبدی هێرشەکان بە "مەترسییەکی گەورە" دەبینێت و داوا دەکات، چەکدارەکانیان و سەربازانی سوپای ئەمریکا بەیەکەوە رووبەڕووی پاشماوەکانی داعش و مەترسییەکان ببنەوە. 
 
لەبارەی پێویستییەکانیان بۆ رێگریکردن لەو هێرشانە، فەرماندەی گشتیی هەسەدە جەختی لەوە کردەوە کە پێویستیان بە هاوکاری تەکنیکی و سیستەمی بەرگریی ئاسمانی دەبێت. هەروەها، "ئەمریکا زیادکردنی هەوڵەکان بۆ رێگریکردن لە هێرشەکان پشتڕاستکردووەتەوە."
 
ئەو گوتانەی فەرماندەی گشتیی هەسەدە دوای ئەوە دێن کە رۆژی 28ی مانگی رابردوو بەهۆی هێرشێکی ئاسمانی بۆسەر بنکەیەکی سوپای ئەمریکا لە ئوردن، سێ سەربازی ئەمریکا کوژران و واشنتنیش گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێرانی بە بەرپرسیار دانا. دواتریش، رۆژی 4ی ئەم مانگە، هەسەدە رایگەیاند: بەهۆی هێرشێکی درۆنی بۆسەر ناوچەیەکی رۆژئاوای کوردستان شەش کەس کوژران. 
 
لە سووریا 900 سەربازی ئەمریکا هەن کە بەسەر چەند ناوچەیەک و کێڵگە نەوتییەکانی ئەو بەشەی کوردستاندا دابەشکراون و هاوکاری هێزەکانی هەسەدە دەکەن. هەروەها بە گوێرەی میدیای ئەمریکا، لە 7ی تشرینی یەکەمی رابردووەوە لانیکەم 160 هێرش بۆسەر بنکەکانی سوپای ئەمریکا لە عێراق و سووریا هەبوون.