ئاسایشی نیشتمانیی عێراق: کونکردنی بۆریی گواستنەوەی نەوتی کەرکووکمان ئاشکراکرد

رووداو دیجیتاڵ 

دەزگای ئاسایشی نیشتمانی عێراق رایگەیاند، لە دوو ئۆپەراسیۆنی جیادا رێگریی لە بەقاچاخبردنی سێ ملیۆن و 500 هەزار لیتر سووتەمەنی لە بەسرە کرد و کونکردنی بۆرییەکی گواستنەوەی نەوتیان لەسەر رێگەی بەغدا - کەرکووک ئاشکراکردووە.
 
دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق لە راگەیێندراوێکدا ئاشکرایکرد، دوای دەستکەوتنی زانیاریی لەبارەی گەراجێکەوە لە ناوچەی زوبێری پارێزگای بەسرە کە بۆ بەقاچاخبردنی سووتەمەنییەکان تەرخانکراوە، هێزەکانیان دوای وەرگرتنی رەزامەندی، دەستیان بەسەر 97 تانکەردا گرت کە بڕی سێ ملیۆن و 492 هەزار لیتر سووتەمەنییان تێدابوو، هەروەها 68 کەسی تێوەگلاو لەو دۆسییە دەستگیکراون.
 
هەروەها ئاماژەی بۆ ئەوەکردووە کە لە ئۆپەراسیۆنێکی جیاوازدا دەستیان بەسەر 45 هەزار لیتر سووتەمەنیدا گرتووە کە ئامادەکراوە بۆ بەقاچاخبردن و خاوەنی بارهەڵگرەکە دەستگیرکرا.
 
لە پارێزگای کەرکووکیش ئۆپەراسیۆنێکی ئەو هێزانە وایکردووە کونکردنی یەکێک لە بۆرییەکانی سەرەکیی گواستنەوەی نەوت لەسەر رێگەی بەغدا - کەرکووک ئاشکرا بکرێت، بەپێی راگەیێندراوی ئەو دەزگایە، بۆرییەک خراوەتە ژێر زەوی و بۆ دزینی نەوتی سپی تەرخانکرابوو، لایەنە پەیوەندیدارەکان لەو بابەتە ئاگادارکرانەوە.
 
لە پارێزگاکانی دیالە و نەینەواش دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق دەستیان بەسەر نۆ تانکیدا گرتووە کە بڕی 85 هەزار لیتر سووتەمەنییان تێدابووە و دەستی بەسەر چوار بارهەڵگریشدا گرتووە کە 65 هەزار لیتر سووتەمەنییان تێدا بووە و شۆفێرەکانیشیان دەستگیرکراون.