مەیدانی ئاژەڵانی سلێمانی دادەخرێت؛ 'ئەوان بەزۆرداری دەیکەن، چۆڵی ناکەین'

رووداو دیجیتاڵ 

ئاگادارکراوەتەوە لە سێ هەفتەی داهاتوودا مەیدانی ئاژەڵانی سلێمانی دادەخرێت، ئەو مەیدانەی زیاتر لە 20 ساڵە کاری تێدا دەکات، فاروق پێنج دووکانی ئالیکی هەیە و پێشتر زەوییەکانی وەک قەرەبوو وەرگرتووە، بەڵام ئێستا کە مەیدانەکە دادەخرێت، بە گوتەی خۆی هیچ قەرەبوویەک ناکرێتەوە.
 
فارووق ئەحمەد دەڵێت، "کاتی خۆی سەرۆکی شارەوانی خۆی ئەم زەوییانەی پێداوین کە کاری لەسەر بکەین، ئێستا چۆن دەبێت ئەم دووکانانەمان لێ وەربگیرێتەوە، ئەمە وەک زۆرداری و داگیرکاری وایە."
 
سەتان کاسبکار لەنێو مەیدانەکە کار دەکەن، بەرامبەر ئەو بڕیارە گردبوونەوەیەکیان رێکخست و داوایان کرد قەرەبوو بکرێنەوە، پاشان مەیدانەکە دابخەن.
 
ئازاد تۆفیق، خاوەنی خانە و دەڵێت، "بە هەموو شێوەیەک دەڵێن دەبێت مەیدانەکە چۆڵ بکەن، منیش دەمگوت ئێمە ئەنفال دەکرێین، چۆن دەکرێت بۆ یەک کەس ئەو هەموو کەسە بێکار بن، دەبێت 35 ملیۆن دینار بۆ 200 تاوەکو 300 مەتر لە مەیدانە نوێیەکە بدەین، ئەو پارەیەش زۆرە، خەڵک هەیە 35 هەزار دیناری پێ نییە، ئەی 35 ملیۆن دینار لەکوێ بهێنین؟"
 
عومەر حەمەساڵح، کاسبکارێکی دیکەیە، دەڵێت، "بەم تەمەنەوە کرێکاریمان پێ ناکرێت، با قەرەبوومان بکەنەوە و بێکار نەبین، ئێمە قسە لە ئەوان وەردەگرین، با ئەوانیش قسە لە ئێمە وەربگرن، ئەگەر ئەوان بەزۆرداری دەیکەن، چۆڵی ناکەین."
 
مەیدانەکە لە پاڵ پڕۆژەیەکی نیشتەجێبوونەوەیە و زەویی مەیدانەکەش بەو پڕۆژەیە دراوە، تاوەکو کۆمپانیاکە پڕۆژەکەی خۆی لەسەر فراوان بکات.
 
ماوەی چەند رۆژێکە لە دەروازەی مەیدانی ئاژەڵان ئاگادارییەک دانراوە، کە دەڵێت، لە 1-3-2024 مەیدانەکە دادەخرێت و پێویستە کاسبکاران لە مەیدانی نوێی ئاژەڵان خۆیان تۆمار بکەن.
 
مەیدانە نوێیەکە نزیکەی 10 کیلۆمەتر لە مەیدانە کۆنەکەوە دوورە و دەکەوێتە سەر رێگەی سلێمانی - عەربەت، کە ماوەی ساڵێکە دەستکراوە بە کارکردن تێیدا و بەپێی ماستەرپلانی پڕۆژەکە، دوو ساڵی دیکەیان ماوە تاوەکو تەواو ببێت.