کوردستان
هاونیشتمانیان سەرقاڵی کارکردنن لە زەوییەکی بە بەرنج چێندراوی ئاکرێ. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو
رووداو دیجیتاڵ
هەرچەندە هەرێمی کوردستان نزیکەی پێنج ملیۆن و 500 هەزار دۆنم زەویی کشتوکاڵی هەیە، بەڵام دوورنییە لە هەڕەشە و گۆڕانکارییەکانی سەر کشتوکاڵ و پسپۆڕێک دەڵێت، "فراوانبوونی شارەکان و شوێنی نیشتەجێبوون و گۆڕانی کەشوهەوا گەورەترین مەترسییەکانی سەر زەویی کشتوکاڵین و لە سەدەی 21دا هەرێمی کوردستان، زەوییەکی زۆری کشتوکاڵیی لەدەستداوە".
وەزارەتی کشتوکاڵ: ناتوانین رووبەڕووی گۆڕانی کەشوهەوا ببینەوە
یەکێک لە مەترسییە گەورەکانی سەر زەویی کشتوکاڵی، وشکهەڵاتنە بەهۆی کەمبارانی و گۆڕانی کەشوهەواوە، لەمبارەوە، هیوا عەلی، گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان قسەی بۆ تۆڕی میدیایی رووداو کرد و گوتی، "ئەگەر پانتایی زەویی بە گشتیی وەربگرین، هەرێمی کوردستان کێشەیەکی گەورەی نییە و بەراورد بە عێراق زۆر باشترە، بەڵام دەکرێ پلانمان بۆ داهاتوو هەبێت بۆ ئەوەی کەمترین کاریگەریی گۆڕانی کەشوهەوامان لەسەر بێت، بەتایبەتی لە سنووری دەشتی نەینەوا و گەرمیان."
هیوا عەلی دەڵێت، ناتوانن رووبەڕووی وشکەساڵی ببنەوە، بەڵام دەکرێ پلانیان هەبێت.
پسپۆڕێک: هەرێمی کوردستان لە سەدەی 21 زۆرترین زەویی کشتوکاڵیی لەدەستداوە
پسپۆڕێکی کشتوکاڵ دەڵێت، "ئێستا هەرێمی کوردستان لە ژێر کاریگەریی گۆڕانی کەشوهەوادایە، " لە سەدەی 21دا، هەرێمی کوردستان زەوییەکی زۆری کشتوکاڵیی لەنێوچووە، ئەویش بەهۆی فراوانبوونی شارەکان و گۆڕانی کەشوهەوا."
د. کاوە عەبدولکەریم، عەمیدی کۆلێژی کشتوکاڵ لە زانکۆی سەلاحەدین بە رووداوی گوت، "ئێستا لە ژێر کاریگەریی گۆڕانی کەشوهەواداین، ئەگەر بەمشێوازە بەردەوامبین، کارەسات بەسەر کشتوکاڵدا دێت، بەڵام دەکرێ پلان هەبێت و هێشتا درەنگ نییە."
پێوانەی زەویی کشتوکاڵی لە هەرێمی کوردستان
رووبەری باخ لە هەرێمی کوردستان
رووبەری دارستان لە هەرێمی کوردستان
رووبەری پاوان لە هەرێمی کوردستان
کشتوکاڵی زیرەک وەکو چارەسەر
د. کاوە عەبدولکەریم، عەمیدی کۆلێژی کشتوکاڵ لە زانکۆی سەلاحەدین، کشتوکاڵی زیرەک (سەردەمیانە) بە چارەسەر بۆ هەرێمی کوردستان دەزانێت و دەڵێت "ئەو جۆرە سەردەمیانە کە چارەسەرە، لە هەرێمی کوردستان نەبووە بە کولتوور و زۆر بە دەگمەن پشتی پێدەبەسترێت."
دانانی وێستگەی کەشوهەوا لە گوندەکان، بەرهەمهێنانی شەتڵ، پشتبەستن بەو بەرهەمانەی بەرگەی کەشوهەوای سەخت دەگرن، رشاندنی ئاو و دەرمان بە درۆن، کشتوکاڵ بەبێ خاک و چاندنی ستوونی، بەشێکن لەوانەی کە د. کاوە عەبدولکەریم پێیوایە چارەسەرن بۆ داهاتووی کشتوکاڵ.
کشتوکاڵی زیرەک چییە؟
شەیما حەمدەڵڵا ئەوڕەحمان، ئەندازیاری کشتوکاڵە، لەبارەی کشتوکاڵی زیرەکەوە دەڵێت، "دەتوانرێت کشتوکاڵی زیرەک وەک سیستمێک پێناسە بکرێت کە لەسەر بنەمای تەکنەلۆژیای پێشکەوتوو لە گەشەکردنی کشتوکاڵ و خۆراک بە شێوازی بەردەوام و خاوێن، بە تایبەت ئاو، هەروەها لە دیارترین تایبەتمەندییەکانیدا پشت بەستنیەتی بە سیستمی بەڕێوەبردنی زانیاری و شیکاری بۆ ئەوەی باشترین بڕیاری بەرهەمهێنان بدرێت بە کەمترین تێچوو، هەروەها خۆکارکردن (ئۆتۆماتیک)ی پرۆسەکانی کشتوکاڵی وەک ئاودێری، کۆنترۆڵکردنی ئافاتەکان، خاک و بەرهەم.
دەشڵێت، "کێڵگە زیرەکەکان توانایەکی راستەقینەیان هەیە بۆ پێشکێشکردنی بەرهەمی کشتوکاڵی بەرهەمدارتر و بەردەوامتر لەسەر بنەمای رێبازێکی کارامە".
کاریگەریی بەنداو و گۆماوەکان لەسەر کشتوکاڵ
لە هەرێمی کوردستان 17 بەنداو هەن، سێ بەنداویان گەورە و ستراتیژین، کە پێکدێن لە بەنداوەکانی دووکان، دەربەندیخان و دهۆک، لەگەڵ چەند پۆند و بەنداوێکی دیکە.
بەنداوی دووکان، گەورەترین بەنداوی هەرێمی کوردستانە و توانای گلدانەوەی حەوت ملیار مەترسێجا ئاوی هەیە و هێشتا ئاستی ئاوی ساڵی پاری تێنەپەڕاندووە.
بەنداوی دەربەندیخان، دووەم گەورەترین بەنداوی هەرێمی کوردستانە و بۆ گلدانەوەی سێ ملیار مەتر سێجا ئاو دروستکراوە.
هیوا عەلی، گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو لە هەرێمی کوردستان دەڵێت، "حکومەتی هەرێمی کوردستان، گرنگییەکی زۆری بە ئاوی سەرزەوی داوە و بەنداو و گۆماوەکان کاریگەرییەکی زۆریان لەسەر پاراستنی زەوییە کشتوکاڵییەکان دەبێت."
لەبارەی کاریگەریی بەنداو و گۆماوەکانیش (پۆند)، د. کاوە عەبدولکەریم، عەمیدی کۆلێژی کشتوکاڵ لە زانکۆی سەلاحەدین دەڵێت، "پۆند و بەنداوەکان دوو کاریگەرییان دەبێت، یەک: دووبارەکردنەوەی ئاوەکە و دانەوەی بە ژێر زەوی. دوو: بۆ ژیاندنەوەی کشتوکاڵ."
خاکی عێراق 39٪ی هەڕەشەی بەبیابانبوون و 39٪ـی هەڕەشەی سوێربوونی لەسەرە
بەبیابانبوون و وشکەساڵی کاریگەرییان خستووەتە سەر 39٪ـی خاکی عێراق، لەکاتێکدا 54٪ـی خاکی بەپیتی عێراق هەڕەشەی ئەوەیان لەسەرە کە بەهۆی سوێربوون چیتر پیتەکەی جارانیان نەمێنێت. دابەزینی ئاستی ئاوی رووبارەکانی دیجلە و فورات هۆکاری ئەوانەن. بەپێی ئامارێک، حەوت ملیۆن عێراقی بەهۆی وشکەساڵی و گۆڕانی کەشوهەواوە زیانیان لێکەوتووە و زێدی خۆیان جێهێشتووە.
لە مانگی حوزەیرانی 2023دا، عەلی رازی، گوتەبێژی وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاوی عێراق گوتی، "هەموو راپۆرتە جیهانییە باوەڕپێکراوەکان دڵنیایی دەدەن کە عێراق پێنجەمین وڵاتە لە ئاستی جیهان لەڕووی کەوتنە ژێر کاریگەریی گۆڕانەکانی کەشوهەوا، ئەمڕۆش بینیمان گۆڕانەکانی کەشوهەوا کە لە جیهان روویانداوە بە گشتیی و لە ناوچەکە بەتایبەتی، زۆر کاریگەرییان لەسەر عێراق هەبوو، چونکە وڵاتێکە سەرچاوەکانی ئاوی لە دەرەوەن، بۆیە بەدیهێنانی ئامانجەکانی گەشەپێدانی بەردەوام لە سەرچاوەکانی ئاودا دیدی روونی ئەم کۆنگرەیە دەبێت، هەروەها ئامانجی کۆنگرەکەیە، بەتایبەت لەژێر ناونیشانی گۆڕانەکانی کەش".
بەبیابانبوون باشووری کوردستان دەگرێتەوە؟
رێکخراوی جیهانی (Greenpeace) دەڵێت، گۆڕانکاریی کەشوهەوا کەمبوونەوەی باران لە هەندێ ناوچە و بەرزبوونەوەی پلەی گەرما رەنگە لە ماوەیەکی دوور مەودادا گۆڕانکارییەکی تەواو بەسەر گۆی زەویدا بێنن و سرووشتەکەی بگۆڕن.
بە گوێرەی قسەی زانایانی زەویناسی، 13٪ی گۆڕانکارییەکان هۆکاری سرووشتین و 87٪یش مرۆیین و بەرپرسیارێتییەکەی دەکەوێتە سەر مرۆڤ.
ئەژی چەتۆ، سەرۆکی رێکخراوی فەلەکناسی کوردستان و پسپۆڕی کەشوهەوا بە رووداوی راگەیاند، "گۆڕانکاری بەسەر کەشوهەوای کوردستاندا هاتووە، چارەسەرکردنی بەبیابانبوون پرۆژەی ئاودێری و پشتێنەی سەوزە، بەڵام ئەگەر دۆخەکە بەمشێوەیە بەردەوامبێت دوورنییە بەبیابانبوون باشووری کوردستان بگرێتەوە."
ئەژی چەتۆ مەترسی بەبیابانبوون بە "ئەگەر" ناودەبات و دەڵێت، "رەنگە بەرزبوونەوەی پلەی گەرما و وشکەساڵی مەترسییەکە جیدی بکەن، بەڵام ئەگەر ئاوی سەرزەوی بەهەدەر نەڕوات و سوودی لێ ببینرێت بۆ کشتوکاڵ و ئاودێری، ئەو مەترسییە دەڕەوێتەوە".
هەرێمی کوردستان بەسەر سێ ناوچەدا دابەشکراوە، ناوچەی کەمباران، ناوچەی مامناوەند و ناوچەی زۆرباران.
هۆکارەکانی بە بیابانبوونی عێراق بۆ ئەم خاڵانە دەگەڕێتەوە:
1. کەمبوونەوەی ئاوی سەرزەوی و گرتنەوەی سەرچاوەکانی ئاو لەلایەن ئێران، تورکیا و سووریا، بەتایبەت دیجلە و فورات.
2. کەمبوونەوەی رێژەی باران بارین، بەجۆرێک کە دوو دەیە لەمەوبەر لەساڵێکدا 600 – 1300 ملیمەتر باران دەباری، بەڵام ئێستا لە تەڕترین ساڵدا دەگاتە 600 ملیمەتر.
3. چۆڵکردنی گوندەکان و بارکردنی خەڵک بۆ شار.
4. سەرکەوتنی خوێ بەهۆی پلەی گەرما و وشکەساڵییەوە، کە وا لە زەوی دەکات بە کەڵکی کشتوکاڵ نەیەت.
5. کەمبوونەوەی سەوزایی.
6. بەرزبوونەوەی پلەی گەرما، کە بەراورد بە 10 ساڵی رابردوو 1 بۆ 1.5 پلەی گەرمان بەرزبووەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ