'سزادان و هەڕەشە' بایکۆتی مامۆستایانیان لە هەندێک ناوچە لاوازکردووە


رووداو دیجیتاڵ 

مانگێک دەبێت ساڵنامەی خوێندن لە بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی پەروەردەی سلێمانی و هەڵەبجە بڵاوکراوەتەوە، بەڵام هێشتا خوێندن بەتەواوەتی لە سنووری ئەو دوو پارێزگایە و ئیدارەکانیان دەستی پێنەکردووەتەوە، ئەنجوومەنی مامۆستایانی ناڕازیش دەڵێت، "سزادانی مامۆستایان و هەڕەشەکان بایکۆتیان لە هەندێک ناوچە لاوازکردووە."
 
رۆژی 8ـی کانوونی دووەمی 2024، لەوکاتەی وەرزی یەکەمی خوێندن لە پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک کۆتایی دەهات، بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی پەروەردەکانی سلێمانی و هەڵەبجە ساڵنامەی وەرزی یەکەمی خوێندنیان بڵاوکردەوە.
 
بەهۆی بایکۆتکردنی ناوەندەکانی خوێندنەوە، لە سنووری سلێمانی و هەڵەبجەوە قوتابخانەکان لەو دوو پارێزگایە نەکرانەوە کە بە ئیدارەکانی گەرمیان و راپەڕینیشەوە نزیکەی 720 هەزار قوتابییان تێدایە.
 
ماوەی دوو هەفتە دەبێت لە بەشێک لە پەروەردەکانی ئەو دوو پارێزگایە قوتابخانەکان کراونەتەوە، گەڕانەوەی مامۆستایانیش بۆ قوتابخانەکان بە بەراورد بە سەرەتای دەستپێکی ئەم وەرزە لەو سنوورانە زیادبووە.
 
هەرچەندە ئامارێکی تەواو بەردەست نییە، بەڵام لە پەروەردەکانی سنووری سلێمانی، جگە لە بەشێک لە ئیدارەکانی گەرمیان، راپەڕین، هەروەها لە چەند پەروەردەیەکی پارێزگای هەڵەبجە و شارەزوور، دەوامکردن بەرەو ئاساییبوونەوە دەچێت.

 

 
لەتیف حوسێن، بەڕێوەبەری پەروەردەی شارباژێڕ لە پارێزگای سلێمانی لەبارەی دەوامکردنەوە دەڵێت: "لە سنووری ئێمە نزیکەی هەموو قوتابخانەکان کراونەتەوە، کێشەیەکی ئەوتۆمان نەماوە و خوێندن ئاساییە، بەڵام رەنگە لە چەند پەروەردەیەکی دیکە کێشە مابێت و ئەوانیش چاوەڕوان دەکرێت لە هەفتەی داهاتووەوە ئاسایی ببێتەوە."
 
 
بەپێی ساڵنامەی خوێندنی سنووری سلێمانی و هەڵەبجە، لە وەرزی یەکەمی خوێندن لەو شوێنانە لە رۆژی 9ـی کانوونی دووەم دەستپێدەکات تاوەکو 4ـی ئاداری 2024، کە دەکاتە 55 رۆژ دەوامکردن دەبێت و پرۆگرامەکانی خوێندنیش کەمکراونەتەوە، بەو واتایە، لە خوێندنی ئەو وەرزە 25 رۆژی ماوە.
 
بەشێک لە بەرپرسانی پەروەردەکان دەڵێن، بایکۆت هیچ پاساوێکی نییە و فەوتانی ساڵێکی خوێندن "هەڕەشە جیدییەکەیە،" بەو بۆنەیەشەوە داوا لە مامۆستایان دەکەن ئارامگربن.
 
ئەو بەرپرسانە دەڵێن لە نەهەماتییەکانی مامۆستایان تێدەگەن، بەڵام "گرنگە بچنەوە قوتابخانەکان." مامۆستایانی ناڕازیش رەتیدەکەنەوە بەدەم بانگەوازەکەوە بچن.
 
 
بەرپرسێکی پەروەردەی سلێمانی کە پێیباش نەبوو ناوی بڵاوبکرێتەوە بە رووداوی گوت: "ئومێد ناکەین سزا بەکاربهێنین، بەڵام لە سەرەتای هەفتەی داهاتووەوە سزاکان تووندتر دەکەینەوە لە بەرامبەر ئەو مامۆستایانەی دەوام ناکەن."
 
باسی لە لێبڕینی مووچە و گواستنەوە تاوەکو دەگاتە لەسەر کار لابردن کرد، ئەوەشی نەشاردەوە لە ماوەی سێ هەفتەی رابردوو ئەو کارەیان کردووە و بە سەدان مامۆستا بە ئامادەنەبوون و گواستنەوە سزادراون.
 
محەممەد شەریف، یەکێکە لە مامۆستایانی ئەنجوومەنی مامۆستایانی ناڕازی، لەبارەی دەوامەوە دەڵێت: "دەوامکردن لەسنووری نێو شاری سلێمانی و قەزای کەلار دەستیپێکردووەتەوە و بایکۆت لاواز بووە، بەڵام لە شوێنەکانی دیکە هێشتا بایکۆت زیاتر بە جۆشە."
 
محەممەد شەریف گوتیشی: "دەستپێکردنەوەی دەوام لە هەندێک لە شوێنەکان بەهۆی هەڕەشە زۆرەکانی پەروەردەکانەوەیە، کە زۆر تووندتر بووە و تاوەکو ئێستا نزیکەی سێ هەزار مامۆستا سزادراون."
 
لە هەرێمی کوردستان بەپێی ساڵنامەی خوێندن، ساڵی خوێندن لە رۆژی 13ـی ئەیلوولی ساڵی 2023ەوە دەستیپێکردووە و تاوەکو کۆتایی مانگی ئایار بەردەوام دەبێت، بەڵام مامۆستایانی ناڕازی ئەوانەی کە لە سنووری هەڵەبجە و سلێمانی و ئیدارەکانیان بایکۆتیان راگەیاند، چەند داواکارییەکیان بۆ دەستپێکردنەوەی دەوام هەیە، لەوانە "پێدانی مانگانەی مووچە، دەستپێکردنەوە بە پلەبەرزکردنەوە، دانەوەی پاشەکەوتی مووچە و دامەزراندنی وانەبێژان."
 
 
بەپێی زانیارییەکانی رووداو ئەم هەفتەیە دوا مۆڵەت دەبێت بۆ مامۆستایان بۆ ئەوەی بچنەوە قوتابخانەکان و لە سەرەتای هەفتەی داهاتووە سزای زیاتر دەدرێن ئەگەر نەچنە قوتابخانەکان.
 
شاهۆ عوسمان، جێگری پارێزگاری سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "زۆرینەی قوتابخانەکان لە سلێمانی و قەزا و ناحیەکان کراونەتەوە" و، ئەگەر چەند قوتابخانەیەکیش مابن، هەفتەی داهاتوو دەکرێنەوە و دۆخی خوێندن بە پشتیوانیی مامۆستایان ئاسایی دەبێتەوە. 
 
لە پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک، هەردوو ئیدارە سەربەخۆکانی سۆران و زاخۆ خوێندن ئاساییە و وەرزی یەکەمی خوێندن کۆتایی هاتووە و وەرزی دووەم دەستیپێکردووە.
 
لە هەرێمی کوردستاندا نزیکەی ملیۆنێک و 800 هەزار قوتابی هەن؛ بەهۆی بایکۆتی مامۆستایانەوە لە سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە، هەروەها ئیدارەکانی گەرمیان، راپەڕین و پەروەردەی کۆیە، نزیکەی 700 هەزار قوتابی کە دەکاتە نزیکەی 40٪ـی کۆی قوتابییان بە تەواوەتی دەوامیان نەکردووە.