رێکخراوی په‌یامنێران بۆ ماف و گه‌شه‌پێدان: پار 376 پێشێلکاری بەرامبەر رۆژنامەنووس و دەزگەکان کراوە

رووداو دیجیتاڵ
 
رێکخراوێکی تایبەت بە بەرگریکردن لە مافی رۆژنامەنووسان دەڵێت، ساڵی رابردوو 376 پێشێلکاری بەرامبەر بە 564 رۆژنامەنووس و دەزگەی میدیایی  لە هەرێمی کوردستان کراوە.
 
رێکخراوی په‌یامنێران بۆ ماف و گه‌شه‌پێدان، راپۆرتی ساڵانەی خۆی کە تایبەتە بەو پێشێلکارییانەی لە ساڵی 2023 بەرامبەر بە رۆژنامەنووسان کراون، بڵاوکردەوە. لەو ساڵەدا لە چوار پارێزگەکەی هەرێمی کوردستان، 376 پێشێلکاریی بەرامبەر بە 564 رۆژنامەنووس و دەزگەی راگەیاندن تۆمارکراوە.
 
بەپێی راپۆرتەکە، زۆرترین پێشێلکاری لە پارێزگەی هەولێر بووە.
 
لە راپۆرتەکەدا هاتووە، "ئامارەکە زه‌نگێكی مه‌ترسیداره بۆ دۆخی ئازادی رۆژنامه‌وانی له‌ هه‌رێمی كوردستان، ئه‌م ژماره‌یه‌‌ پێمانده‌لێت دۆخی رۆژنامه‌وانی له‌ پاشه‌كشه‌دایه‌، بۆیه‌ هه‌رچی زوو ده‌بێت لایه‌ن په‌یونداره‌كان پێداچوونه‌وەیه‌ك به‌ مامه‌ڵه‌كاندا به‌رامبه‌ر رۆژنامه‌نووسان بکەن و ئازادی زیاتر بۆ رۆژنامه‌نووسان هه‌رێمی كووردستان له‌ ته‌واوی پارێزگان فه‌راهه‌م بكرێـت".
 
هۆزان قادر، سەرۆکی رێکخراوەکە دەڵێت، "کە باس لە دۆخی رۆژنامەنووسان دەکرێت، بە دیاریکراوی مەبەستمان هێزە ئەمنییەکانە، چونکە 80٪ی پشێلکارییەکان دەزگە ئەمنییەکان بەرامبەر بە رۆژنامەنووسان کردوویانە، ئەوەی ئێمەی زیاتر نیگەران کردووە بێدەنگبوونی سەرۆکایەتیی داواکاریی گشتییە کە رۆژنامەنووسان بەبێ فەرمانی دادوەر دەستگیر دەکرێن".
 
هۆزان قادر دەشڵێت، "بەداخەوە فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکومەت، تائێستا جیاکاری لەنێوان دەزگە راگەیاندنەکان دەکات و تەنانەت هەندێک دەزگەی میدیاییشی لە کاروچالاکییەکانی حکومەت بایکۆت کردووە. ئەو پێشلکارییەش هەم پێچەوانەی یاسای رۆژنامەگەری و هەمیش یاسای بەدەستهێنانی زانیارییە." 
 
ئەو لایەن و دەزگەیانەشی زۆرترین پێشێلکارییان بەرامبەر بە رۆژنامەڤانان کردووە، وەکو راپۆرتەکە ئاماژەی بۆ دەکات ئەمانەن:
 
1- هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان
 
2- حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان – فه‌رمانگه‌ی میدیا و زانیاری، زۆرترین پێشێلكاریی به‌رامبه‌ر ماڵپه‌ڕه‌ ئه‌لیكترۆنییه‌كان ئه‌نجامداوه‌، چونكه‌ رێگریان لێده‌كرێت له‌كاتی رووماڵ كارو چالاكییه‌كان و جیاكاری له‌ نێوان میدیا مۆڵه‌ت پێدراوه‌كانی هه‌رێمی كوردستان ده‌كرێت وه‌كو (رۆژنامه، گۆڤار، رادیۆ، ته‌له‌ڤزیۆن و ئامرازه‌ ئه‌لیكترۆنییه‌كان) كه‌ ناتوانن رووماڵی كاره‌كانی خۆیان به‌ ئازادی بكه‌ن.
 
لە بەشی پەیوەست بە رۆژنامەڤانانەوە هاتووە، لە ساڵی 2023دا 164 پێشێلکاری دژ بە رۆژنامەڤانان هەبووە و بەپێی جۆرەکانیان بەمشێوەیە بوون
 
- ده‌ستگیركردن: 21
 
- رێگه‌نه‌دان به‌ رووماڵكردن: 78
 
- هێرش و سووكایه‌تی: 9
 
- لێدان: 1
 
وه‌رگرتنی به‌ڵێننامه‌: 2
 
تۆماركردنی سكاڵا دژی رۆژنامه‌نووسان: 8
 
- هه‌ڕه‌شه‌: 3
 
- شكاندنی كه‌لوپه‌لی رۆژنامه‌وانی: 2
 
- هه‌ڵكوتانه‌ سه‌ر ده‌زگا: 3
 
- نانبڕین: 26
 
- ده‌ستبه‌رداگرتنی كه‌لوپه‌لی رۆژنامه‌وانی: 9
 
- هێرشی ئه‌لیكترۆنی: 2
 
لەبارەی ئەو دەزگەیانەشی کە لەساڵی 2023دا پێشێلکارییان بەرامبەر تۆمارکراوە، بەپێی رێکخراوەکە 328 دەزگە بووە.
 
پێشێلکارییەکان بەپێی رێکخراوی په‌یامنێران بۆ ماف و گه‌شه‌پێدان، بەپێی پارێزگەکان بەمشێوەیە بووە: 
 
- هەولێر: 78 پێشێلکاری
 
- پارێزگای سلێمانی: 11 پێشێلکاری
 
- پارێزگای دهۆک:  37 پێشێلکاری
 
- هەڵەبجە: 10 پێشێلکاری