دوای سێ رۆژ داخران رێگەی نێوان سەوڵاوا - هەورامان کرایەوە

رووداو دیجیتاڵ 

دوای سێ رۆژ داخرانی بەهۆی بارینی بەفر، کڕێوە و هەرەسی بەفرەوە، ئەمڕۆ رێگەی سەرەکیی نێوان سەوڵاوا - هەورامان - پاوە لەلایەن تیمەکانی رێگەوبانی پارێزگای سنەوە کرایەوە.
 
فەرزاد حەسەنی، بەڕێوەبەری رێگەوبان و گواستنەوەی پارێزگای سنە، ئەمرۆ پێنجشەممە رایگەیاند: "بەهۆی بارینی بەفرێکی زۆر، کڕێوە و هەرەسی بەفرەوە لە مڵەی ژاڵانە، ماوەی سێ رۆژ بوو رێگەی نێوان شاری سەوڵاوا و ناوچەی هەورامان لە پارێزگای سنە داخرابوو، بەڵام رێگەکە دوای سێ رۆژ داخران ئەمڕۆ لەلایەن تیمەکانمانەوە کرایەوە."
 
بە گوتەی فەرزاد حەسەنی، لە ناوچەکە زیاتر لە یەک مەتر بەفر باریوە، بەڵام بەهۆی با و كڕێوەوە بەرزایی بەفر لە هەندێک شوێن دەگاتە نزیکەی چوار مەتر.
 
حەسەنی دەشڵێت، بەهۆی ئەوەی ناوچەکە شاخاوی و سەختە، ئەگەری دووبارەبوونەوەی هەرەسی بەفر لە مڵەی ژاڵانە و داخرانی رێگەکە هەیە، بۆیە ئەگەر بۆ کارێکی زۆر پێویست نەبێ، با هاووڵاتیان ئەو رێگەیە بۆ هاتووچۆ بەکارنەهێنن.
 
لە ماوەی ئەم هەفتەیەدا، چەندینجار لە رێگەی نێوان سەوڵاوا - هەورامان و بە تایبەت لە مڵەی ژاڵانە هەرەسی بەفر روویداوە، بەڵام تائێستا زیانی گیانی نەبووە.
 
رۆژی سێشەممە، 6ی شوباتی 2024یش، لە ملەی خان کە دەکەوێتە سەر رێگەی سەرەکیی بانە - سەقز، بەهۆی هەرەسی بەفرەوە 22 کەس لە سەرنشینانی پاسێک و چەندین ئۆتۆمبێلی تایبەت گیریان خواردبوو، کە لە لایەن تیمەکانی رێگەوبانی سنە و بە هاوکاری پۆلیسی رێگەوبان رزگارکران.