ئاسایشی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر گیانلەدەستدانی ئەندامێکی لە رەققە راگەیاند

08-02-2024
سینا سۆما
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

ئاسایشی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لە رۆژئاوای کوردستان رایگەیاند، لە هێرشی چەند چەکدارێکی نەناسراودا لە پارێزگای رەققە، ئەندامێکیان گیانی لەدەستداوە.
 
ناوەندی راگەیاندنی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەری باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا لە راگەیێندراوێکدا بڵاوی کردەوە، ئەندامێکیان بە ناوی عەبدولسەمەد ئەلحەموود، شەوی سێشەممە، 6ی شوباتی 2024، لە هێرشێکی چەکداریدا لە دەوروبەری شاری رەققە کوژراوە.
 
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "عەبدولسەمەد ئەلحەموود لە کاتێکدا لە شاری رەققە خەریکی جێبەجێکردنی ئەرکی ئاسایی خۆی بووە بەرامبەر گەل و خاکەکەی، بە چەند گولـلەیەک کراوەتە ئامانج و شەهید کراوە."
 
ئاسایشی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر دەڵێت، ئەو ئەندامەیان خەڵکی پارێزگای رەققە بووە و لە کۆتاییەکانی زستانی 2020دا پەیوەندی بە ئاسایشەوە کردووە.
 
بەپێی زانیارییەکان، ژمارەیەک چەکدار کە لەنێو ئۆتۆمبێلێکدا بوون، لە نزیک گوندی "تل بیعە" لە رۆژهەڵاتی شاری رەققە هێرشیان کردووەتە سەر خاڵێکی پشکنینی هێزەکانی ئاسایشی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر و بەهۆیەوە ئەندامێکی ئەو هێزە کوژراوە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە