لە ئەردەخان بۆ سێیەم رۆژ پشووی خوێندن راگەیێندرا؛ مەترێک بەفر باریوە
رووداو دیجیتاڵ
لە ئەردەخان ـی باکووری کوردستان نزیکەی مەترێک بەفر لە ناوەندی پارێزگاکە باریوە، بەو هۆیەوە ئەمڕۆ بۆ سێیەم رۆژ پشووی خوێندن راگەیێندرا.
لە ناوەندی شاری ئەردەخان، ماوەی سێ رۆژە بەردەوام بەفر دەبارێت و سەرمایەکی زۆرە. لە ناوەندی شارەکەدا ئەستووری بەفر گەیشتووەتە 96 سانتیمەتر و ئۆتۆمبێلەکان لە ژێر بەفر ماونەتەوە.
ئەمڕۆ، (پێنجشەممە، 8-2-2024) بەهۆی بارینی ئەو بەفرە زۆرەوە لە ناوەندی شار و سەرجەم شارۆچكە و ناوچەکانی پارێزگەی ئەردەخان، بۆ رۆژی سێیەم قوتابخانەکان نەکرانەوە.
خەیرەدین چیچەک، پارێزگاری ئەردەخان ئێوارەی رۆژی چوارشەممە لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس رایگەیاند، بارینی بەفری زۆر لە ناوندی شار و شارۆچكە و ناوچەکانی سەر بە پارێزگەکە، کاریگەری نەرێنیی لەسەر هاتووچۆی هاووڵاتییان کردووە.
پارێزگاری ئەردەخان لە پۆستەکەیدا نووسیویەتی "هاووڵاتییانی خۆشەویستی ئەردەخان سبەی هیچ بەربەستێک لەبەردەم پەروەردەدا نامێنێت بەو پێیەی تیمەکانی شارەوانی رێگەکانی پێنج شارۆچکەیان کردووەتەوە، بەڵام بەو پێیەی بەربەستی بەفر بەردەوامە لەسەر رێگەکانمان لە سەنتەری شار، بڕیارمانداوە پشوویەک وەربگرین بۆ ئەوەی خوێندکارەکانمان سەلامەت بن."
تیمەکانی شارەوانی و تیمەکانی کارگێڕیی تایبەتی شار؛ هەروەها تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتیی رێگەوبانی ئەردەخان بەردەوامن لە کارەکانیان بۆ راماڵینی بەفری شەقام و کردنەوەی رێگەوبانەکان.