کەشناسی: نمەباران دەبارێت و ئەگەری بەفربارین لە سلێمانی و دهۆک هەیە

08-02-2023
سۆران حوسێن
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

کەشناسیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، ئەمڕۆ نمەباران دەبارێت و ئەگەری بەفربارین لەنێو شارەکانی سلێمانی و دهۆک هەیە. 
 
رۆژی چوارشەممە 8-2-2023، دیلان رەشاد، گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوەی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "سبەی ئاسمانی هەرێمی کوردستان لە نێوان نیمچەهەور بۆ هەوری تەواو دەبێت؛ نمەباران لە ناوچەی جیا دەبارێت و بەفریش لە ناوچە شاخاوییە بەرزەکان دەبارێت؛ پلەی گەرماش نزیک دەبێتەوە بە پلە تۆمارکراوەکانی ئەمڕۆ." 
 
هەر ئەمڕۆ چوارشەممە، ئاراس جەبار، شارەزای کەشناسی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "کاریگەریی نزمەپاڵەپەستۆ و بارستەھەوای سارد لەسەر کەشی ھەرێمی کوردستان بەردەوامە. لەکاتەکانی نیوەڕۆدا لە سنووری پارێزگای سلێمانی و ھەڵەبجە و باکووری گەرمیان ئەگەری چالاکبوونی ھەورە برووسکە و ناوبەناو بارینی تاوە تەرزە هەیە." 
 
ئەو کەشناسە گوتیشی: "هەرچەند پێشبینی دەکرا شەوی رابردوو لە شارەکانی سلێمانی و هەڵەبجە بەفر ببارێت، بەڵام تەنیا لە سنووری چیاکان باریوە"؛ گوتیشی: "بۆ نێو سەنتەری هەڵەبجە و سلێمانی ئێوارەی ئەمڕۆش ئەگەری بەفربارین هەیە، بەڵام شەپۆلەکە لە هەولێر، دهۆک و کەرکووک بەرەو لاوازی دەچێت و هیچ ئەگەرێکی بەفربارین نابێت." 
 
لەبارەی کەشوهەوای ئەمڕۆوە، کەشناسیی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ چوارشەممە بڵاویکردەوە: "ئاسمان بەگشتی هەور دەبێت لەگەڵ بارینی نمەباران لە زۆربەی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان؛ بەفر لە ناوچە شاخاوییە بەرزەکان دەبارێت و ئەگەری بەفربارین لە سەنتەری شاری سلێمانی و دهۆک بەشێوەی تێکەڵەی بەفر و باران هەیە لە شەودا." 
 
بەگوێرەی کەشناسی هەرێمی کوردستان، بەرزترین پلەی گەرمای سبەی پێنجشەممە لە باشووری کوردستان بەمشێوەیە دەبێت:
هەولێر؛ 9 پلەی سیلیزی
سلێمانی؛ 6 پلەی سیلیزی
دهۆک؛ 6 پلەی سیلیزی
کەرکووک؛ 11 پلەی سیلیزی
هەڵەبجە؛ 5 پلەی سیلیزی
زاخۆ؛ 5 پلەی سیلیزی
سۆران؛ 4 پلەی سیلیزی
گەرمیان؛ 12 پلەی سیلیزی
 
هەر بەگوێرەی کەشناسیی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ چوارشەممە نزمترین پلەی گەرما لە حاجی ئۆمەران تۆمار کراوە کە 4 پلەی سیلیزی ژێر سفر بووە، هەروەها نزمترین پلە لە هەولێر 5 پلە، سلێمانی 4 پلە، دهۆک 2 پلە، هەڵەبجە 4 پلە و کەرکووک 5 پلەی سیلیزیی بووە. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە