فەهمی بورهان: بەڵێن دراوە شوێنی تێکدراوی هاونیشتمانییان دروستبکرێتەوە

08-02-2023
سۆران حوسێن
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکی دەستەی گشتیی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان دەڵێت، رێگرییان کردووە لە تەواو رووخاندنی شوێنی کاسبکارانی بازاڕی رەحیماوای کەرکووک و ئەو شوێنانەش تێکدراون بۆیان چاکدەکرێتەوە. 
 
رۆژی چوارشەممە 8-2-2023، فەهمی بورهان، سەرۆکی دەستەی گشتیی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، دوێنێ سێشەممە بە بڕیارێک بەشێکی کەپر و مێزی شوێنی کاری کاسبکارانی کەرکووک تێکدرا و بە شۆفڵ رووخێندرا.
فەهمی بورهان گوتی، دواتر خۆی سەردانی کەرکووکی کردووە و رێگری لە تێکدانی تەواوی شوێنکارەکان کردووە.
 
فەهمی بورهان گوتی: "دوێنێ سەردانی کاسبکارانی بازاڕی رەحیماوای کەرکووکم کرد کە بەداخەوە تاوەکو من رۆیشتم، بەشێکی شوێنی پەیداکردنی بژێوی ژیانیان بە شۆفڵ تێکدرابوو، بەڵام دوای پەیوەندییکردنم بە چەند لایەنێک و ئاگادارکردنەوەی پەرلەمانتارانی کەرکووک، پڕۆسەی تێکدانەکە راگیرا." 
 
سەرۆکی دەستەی گشتیی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان دەڵێت، تێکدانی شوێنەکان بە پاساوی زێدەڕۆیی بووە و گوتیشی: "ئێمەش دژی کاری نایاسایین، بەڵام ناکرێت هەر بڕیارێک دەربکرێت لە گەڕەکە کوردییەکانەوە دەستپێبکات، ئەگەر کارێکی وەهاش بکرێت، دەبێت شوێنکاری هاونیشتمانییان دوایین شوێن بێت." 
 
فەهمی بورهان دەڵێت، نازانێت کێ بڕیاری تێکدانی شوێنکارەکانی بازاڕی رەحیماوای داوە، بەڵام بەڵێنی پێدراوە کە پڕۆسەکە بووەستێت و ئەوانەشی شوێنەکانیان تێکدراوە بەشێوەیەکی "باشتر و جوانتر" لەلایەن لایەنە پەیوەندیدارەکانی شارەکەوە بۆیان نۆژەن بکرێتەوە.
 
بەگوێرەی هەموو ئەو هەڵبژاردنانەی لە دوای ساڵی 2005ـەوە لە کەرکووک کراون، کورد زۆرینەی دانیشتووانی شارەکەیە، بەڵام لە دوای رووداوەکانی 16ـی ئۆکتۆبەری 2017ـەوە، راکان جبووری بە وەکالەت کراوە بە پارێزگای کەرکووک و مامەڵەی ئەویش نیگەرانی لایەنە کوردستانییەکانی لێکەوتووەتەوە و چەندین جار جبوورییان بە جیاکاری و "دژی کورد" تۆمەتبار کردووە. 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە