لە بەردەم مزگەوتێکی شێخان منداڵێکی تازە لەدایکبوو دەدۆزرێتەوە


رووداو دیجیتاڵ

ئەمشەو لە بەردەم مزگەوتێک لە سنووری قەزای شێخان لە پارێزگای دهۆک منداڵێکی ساوا دۆزرایەوە و نامەیەکیش لەگەڵ منداڵەکەدا جێهێڵدرابوو و تێیدا نووسرابوو، "ئێمە ناتوانین ئەم منداڵە بەخێو بکەین و هەرکەسێک بتوانێت بەخێوی بکات، گەردنی ئازاد بێت."
 
کەسێک لە نەخۆشخانەی شێخان کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێت بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، منداڵەکە لەبەردەم مزگەوتێک لە باکووری قەزای شێخان دۆزراوەتەوە و ئێستا لە نەخۆشخانەیە.
 
هاوکات د. کەریم کەمال، بەڕێوەبەری تەندروستیی شێخان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، منداڵەکە ئێستا لە نەخۆشخانەی شێخانە و تەندروستی باشە.
 
بەپێی زانیارییەکانی ئەیوب نەسری، پەیامنێری رووداو؛ ئەو منداڵە کوڕە و تەمەنی یەک رۆژە.
 
لەو نامەیەدا کە لەگەڵ منداڵەکەدا جێهێڵدراوە نووسراوە: "ئێمە ناتوانین ئەم منداڵە بەخێو بکەین و هەرکەسێک بتوانێت بەخێوی بکات، گەردنی ئازاد بێت. خوا خێرتان بنووسێت." وەک ئاماژەیەکیش بۆ ئەوەی کە رەنگە چیدیکە منداڵەکە نەبینێتەوە نووسراوە: "اللە معک".