بزووتنەوەی گۆڕان : بێ متمانەییەکی زۆر هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە
رووداو دیجیتاڵ
بزووتنەوەی گۆڕان راگەیێندراوێکی لەژێر ناوی "بانگەوازێک لە بزووتنەوەی گۆڕانەوە" بڵاوکردەوە و دەڵێت، "بێ متمانەییەکی زۆر هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە" و باس لەوەش دەکات کە "ئەمەش بووەتە هۆکاری ئەوەی، بەرژەوەندیی گشتیی نیشتمانی و نەتەوەیی و، ژیان و بژێویی هاووڵاتیان و مافە کۆمەڵایەتییەکان لە پاشەکشەدابێ و بەرژەوەندیی حزبی و کەسیی زاڵ بێت."
ئەمڕۆ چوارشەممە، 08-02-2023، بزووتنەوەی گۆڕان لەبارەی دۆخی هەرێمی کوردستانەوە راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و لە بەشێکی دا هاتووە، "هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکە، بە دۆخێکی ناجێگیر و پڕکێشەدا تێدەپەڕێ، بەشێکی زۆری هاووڵاتیان تووشی بێ متمانەیی بوون" و باس لەوەش دەکات کە ئەو بێ متمانەییە حیزب و لایەنە سیاسییەکانیش گرتووەتەوە و لەگەڵ یەکتر و لەناو خودی خۆشیاندا ناکۆکن.
بزووتنەوەی گۆڕان باس لەوە دەکات کە "دامودەزگا فەرمییەکان، پەرلەمان، ئەنجوومەنی وەزیران، ئەنجوومەنی پارێزگاکان، دادگاکان، رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی شارستانی و... هتد، نەیانتوانیوە لەو بێ متمانەییە بەدەر بن، بۆیە نەشیانتوانیوە هاووڵاتیان لە دۆخی بێ متمانەیی رزگار بکەن."
بزووتنەوەی گۆڕان پێیوایە کە ئەو بێ متمانەییە بووەتە هۆی ئەوەی کە "بەرژەوەندیی گشتیی نیشتمانی و نەتەوەیی و، ژیان و بژێویی هاووڵاتییان و مافە کۆمەڵایەتییەکان لە پاشەکشەدابێ و بەرژەوەندیی حزبی و کەسیی زاڵ بێت، زۆرجاریش بەرژەوەندیی تاکەکەسی جێی بە هەموو ئەوانە لێژکردووە."
بۆ سەلماندنی ئەو قسانەشی، بزووتنەوەی گۆڕان هەڵبژاردنی ساڵی 2021ـی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقی وەک نموونە هێناوەتەوە و دەڵێت، "سەرەڕای زۆری لیست و کاندیدی جیاجیا، شێوازی هەڵبژاردنەکە، گۆڕانکاری لە یاساکەدا، بە هەوڵی شیاو و نەشیاوی لیست و کاندیدەکانەوە، کەچی بەپێی ئامار و پێوەرە زانراوەکان (٧٠%)ی دەنگدەران بەشداری ئەو هەڵبژاردنەیان نەکرد، وە زۆربەی لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان نەیانتوانی پارێزگاری لە ژمارەی دەنگدەرانی پێشوی خۆیان بکەن. راستە هەندێکیان کورسییەکانیان بەهۆی دابەزینی نرخی کورسی زیادی کرد، بەڵام زۆربەیان لە چاو هەڵبژاردنی پێشووتردا، دەنگەکانیان کەمیکرد."
لە راگەیێندراوەکەی بزووتنەوەی گۆڕان دا ئەوەش هاتووە کە لەو هەڵبژاردنەدا نەیانتوانی هیچ کورسییەک بەدەستبهێنن و باس لەوەش دەکات کە "بێگومان هۆکارەکانی ئەم شکستە زۆرن، هۆکاری ناوخۆیی و تاکتیکی بزووتنەوەی گۆڕان هۆکاری سەرەکی بوو، ئینجا هۆکاری بابەتی، لەو چوارچێوەیەدا بۆ هەڵسەنگاندنی ئەو دۆخەی تێی کەوتووین؛ چەند هەنگاوێکمان گرتەبەر و ئۆباڵی شکستەکەشمان گرتەئەستۆ، کە هەر ئەبێ واش بێ، بەشێوەیەک بە قۆناخێکی سەختی رێکخراوەیی تێپەڕین و ئومێدمان بۆ سەرکەوتن لە دەستنەدا."
بزووتنەوەی گۆڕان پێیوایە دوای ئەو "شكستەی" کە تووشی بوو لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، "بە ئیرادەیەکی بەهێزەوە بۆ هەستانەوە بەردەوامە و لەسەر پڕۆژە و ئامانجەکانی خۆی سوورە، بەو مەرجەی هەموومان بەیەکەوە بمانەوێ خواست و ویستی جەماوەرەکەمان لەبەرچاوبگرین و هەنگاوەکانمان وەڵامگۆی پێداویستیەکانی هاونیشتیمانیان و گۆڕانخوازان بێت، ئەمەش پێویستی بە لێکۆڵینەوە و هەڵسەنگاندنی هۆکارە ناوخۆیی و بابەتییەکانە، دور لە گیانی رق و بەرژەوەندیی کەسیی؛ بە گفتوگۆیەکی راشکاوانە و بەرپرسانە دەتوانین ئەم دۆخە چەقبەستووە تێپەڕێنین."
لەو بانگەوازەیدا؛ بزووتنەوەی گۆڕان داوا لە "هاونیشتمانییان و هەموو کارەکتەر و هەڵسوڕاوان و دەنگدەرانی" دەکات کە "پێکەوە بەخۆداچوونەوەیەکی زانستی و بابەتییانە بکەین، بە هەمان گیانی رابردوو دەست پێ بکەینەوە، هەر هەنگاو و بڕیارێکیش بۆ ئەو مەبەستە پێویست بکا، با بەیەکەوە بەرپرسیارێتی و دەرهاویشتەکانی داهاتووی بزووتنەوەکە بگرینە ئەستۆ، وا بکەین متمانەی دەنگدەرەکانمان و هاووڵاتیانی کوردستان بەدەست بهێنینەوە، چونکە ئەمە بەرپرسیارێتیەکی گەورەی مێژووییە، بەم کارەش، ئەرکێکی نیشتمانی و نەتەوایەتی بۆ گەلەکەمان -دوور لە بەرژەوەندیی کەسیی- ئەنجام دەدەین."