دوو منداڵی تەمەن شەش ساڵ لە سەمسوور و رووها دوای 47 کاژێر رزگارکران


رووداو دیجیتاڵ 

لە پارێزگاکانی سەمسوور و رووهای باکووری کوردستان، دوو منداڵی تەمەن شەش ساڵ دوای 47 کاژێر مانەوە لەژێر داروپەردووی باڵەخانەیەکدا رزگارکران. 
 
بەرەبەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە 8ی شوباتی 2023، لە شارۆچکەی بەسنی سەر بە پارێزگای سەمسوور، منداڵێکی تەمەن شەش ساڵ بە ناوی هاجەر کاچماز دوای 47 کاژێر مانەوەی لە ژێر داروپەردووی باڵەخانەیەکدا رزگارکرا. 
 
بەر لە رزگارکردنی هاجەر کاچماز بە سێ کاژێر، روقییە کاچمازی دایکی لە هەمان شوێن رزگارکرا. 
 
دوای بیستنی دەنگی منداڵەکە لەلایەن تیمەکانی ئافاد، هەوڵەکان بۆ رزگارکردنی چڕکرانەوە. دوای ئەوەی هاجەر کاچماز لە ژێر داروپەردووی باڵەخانەکە هێندرایە دەرەوە، بە ئەمبوڵانس گەیێندرایە نەخۆشخانە. 
 
تیمەکانی فریاکەوتن هەروەها لە گەڕەکی یەنی شەهیر لە شاری رووها منداڵێكی تەمەن شەش ساڵیان بە ناوی ئەحمەد ئایاز ئاباک لە ژێر داروپەردووی باڵەخانەیەکی پێنج نهۆمیدا بەبرینداری هێنایە دەرەوە. 
 
لە درەنگانی شەوی رابردووەوە تا بەرەبەیانیی ئەمڕۆ لە پارێزگاکانی مەرەش، رووها و سەمسووری باکووری کوردستان و هاتای تورکیا 12 کەس لەژێر داروپەردووی باڵەخانەکاندا رزگار کراون، کە چواریان منداڵ بوون. 
 
بەرەبەیانیی رۆژی دووشەممە 6ی شوباتی 2023 بوومەلەرزەیەکی بەهێز پارێزگای مەرەشی لە باکووری کوردستانی هەژاند کە زیانی گەورەی هەبوو. 
 
بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکان تائێستا پێنج هەزار و 894 کەس لە باکووری کوردستان و تورکیا گیانیان لەدەستداوە و 34 هەزار و 810 کەسیش برینداربوون. هەروەها زیاتر لە هەشت هەزار هاووڵاتیی لەژێر داروپەردووەکاندا رزگارکراون.